هیومان ڕایتس وۆچ: دەوڵەت و یاساکانی عێراق ئاستەنگی و بەرهەڵستییەکی زۆری ژنان دەکەن

هیومان ڕایتس وۆچ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا دەربارەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ژنانی عێراق لەسەر گشت ئاستەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، کە دیارترینیان یاسا و سیاسەتەکانی دەوڵەتە، ڕێخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی توندوتژیی بەرامبەریان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ-هیومان ڕایتس وۆچ بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لەبارەی ڕەوشی ژنان و منداڵانی عێراق ئاماژە بەوە کراوە، ژنان و منداڵانی عێراق بە یاسا و سیاسەتی پیاوسالارانەی دەوڵەت مافەکانیان پێشێل دەکرێت و کەمترین هەنگاو هەیە بۆ چاکسازیی، زۆرجاریش ڕێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیی کردن لە مافەکانی ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ڕێگریی کردن دەبنەوە.

 

"دەوڵەت و یاساکان ئاستەنگیی و بەرهەڵستییەکی زۆری ژنان دەکەن"

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرباری ئەوەی ژنانی عێراق ڕۆڵێکی کاریگەریان هەیە لەسەر جەم کایەکانی کۆمەڵگە و ژیاندا، بەڵام دەوڵەت و یاساکان ئاستەنگیی و بەرهەڵستییەکی زۆریان دەکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان، یاساکانی سزادانی عێراق ڕێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژیی دەدات بەرامبەر ژنان، وەک ئەوەی مافی بە پیاوان داوە، لە هاوژینەکانیان بدەن، یاخود لەژێر ناوی پەروەردەکردندا ئەشکەنجەی جەستەیی منداڵەکان بدەن، هەروەها سوککردنی سزای تاوای کوشتن ئەگەر بە پاساوی "پاکردنەوەی شەرەف" بێت، یاخود هاوسەرگیری پێکردنی قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی بێت لەگەڵ دەستدرێژی کارەکەی، کە ئەوە سێ جار ژنەکە دەبێتە قوربانیی و مافی پێشێل دەکرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ڕێکخراوانەی لەبواری داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان و منداڵاندا کار دەکەن، بەدەرنین لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی و پێشێلکردنی مافەکانیان، کە زۆرجار بەهۆی پاراستن یاخود داڵدەدانی ژنانی توندوتیژی بەرامبەرکراو لەلایەن خێڵەکانەوە یاخود دەسەڵاتدارانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.

 

"هاوسەرگیری لە دەرەوەی یاسا ژنان لە سەرجەم مافە یاساییەکان بێبەش دەکات"

هیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە دەرەوەی یاسا و تەنها ئەنجامدانی گرێبەستی ئاینیی، ژنان لە سەرجەم مافە یاسایی و مەدەنییەکانیان بێبەش دەبن، هەروەها ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی ئەو هاوسەرگیرییە دێنە دونیا هیچ مامەڵەیەکی یاساییان بۆ ناکرێت، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە مافی خوێندن و کار و پەروەردەش بێ بەشدەبن، هۆکارەکە هاوسەرگیرییە لە تەمەنی زوودا و خۆ دزینەوەی پیاوانە لە پێدانی ماف و نەفەقە بە ژنان.

 

"دەستدرێژی زایەندی منداڵان لە هەبوونی بەڵگەنامە بێبەش دەکات"

جیا لەوانەش دەربارەی مافە مەدەنییەکانی ژنان، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی، ئەو منداڵانەی کە لە هاوسەرگیری تۆمارنەکراو یاخود بەهۆی دەستدرێژیی زایەندییەوە لەدایکبوون، بێبەش دەبن لە هەبوونی بڕوانامەی لەدایکبوون، کە بەهۆی ئەوەشەوە ناتوانن بەڵگەنامە مەدەنییە سەرەکییەکانی دیکە بەدەستبهێنن، ئەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان و پاراستنی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکات، ئەگەر کێشەی بەڵگەنامەی ئەو کەسانەی لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخەدان چارەسەر نەکرێن، ئەوا ناتوانن ناوی خۆیان لە خوێندنگە تۆماربکەن، دەستیان بە دەرفەتی کارکردن بگات، لە هەمووی مەترسیدارتریش ئەوەیە کە دووبارە لە داهاتوودا ئەو منداڵە ناچار دەبێتەوە پەنا بباتەوە بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەدەرەوەی یاسا و بەردەوامی بەو پێشلکردنی مافە دەدات.

 

" هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا دەبێتە نەبوونی متمانە و دەرنەکەوتنی ژنانی پێشەنگ"

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی هاوسەرگیری ژنان لە تەمەنی زوودا بەرەو هەڵکشان چووە و بەپێی توێژینەوەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ٢٥.٥٪ـی ژنانی عێراق پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان پێکراوە و ٥.٢٪ـیان بەر لە تەمەنی ١٥ ساڵیی، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواریی لەنێو ژنان، نەبوونی متمانە و دەرنەکەوتنی ژنانی پێشەنگ، هاوکات ئەگەری ڕوودانی توندوتیژیی و دەستدرێژیی زایەندی خێزانیی زیاتر دەکات.