لە سلێمانی پرسەی فریال سلێمان خالید بەڕێوەچوو
لە شاری سلێمانی پرسەی فریال سلێمان خالید، سیاستمەداری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە کەرکوک تیرۆر کرا، بەڕێوەچوو.
سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، پرسەی سیاسەتمەدار و ئەندامی کۆنگرەی ستار، فریال سلێمان خالید، کە لە ١٨ی کانوونی دووەم لە گەڕەکی سەرچناری شاری کەرکوک لەلایەن دوو بەکرێگیراوی دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کرا، بەڕێوەچوو.
لە پرسەکەدا، کە کەسایەتی و چالاکوان و ئازادیخوازان تیایدا بەشدارییان کرد و هاوخەمییان دەربڕی، ژیان و تێکۆشانی شەهید فریال سلێمان خالید، ناسراو بە زەلال زاگرۆس باسکرا، کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ تێکۆشانی لە پێناو ئازادی گەلی کورد و ژناندا بەڕێوەبردووە و لە چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت لە ئەرمەنستانیش شوێن پەنجەی تێکۆشانی خۆی بەجێهێشتووە.
" کۆمەڵکوژی ژنانی کورد ئیدۆلۆژی و فەلسەفییە"
باریش قەرەئاغار، ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، بەشداری پرسەی سیاسەتمەداری تیرۆرکراو فریال سلێمان خالیدی کردووە و لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا بۆ کۆمەڵکوژکردن و لەناوبردنی گەلی کورد پلان دادەڕژێت و هێرشەکانیشی لە چوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت لەو ناوچانەی دەستکەوتی گەلی کوردی تیادایە، چڕ کردووەتەوە، وتیشی: لەسەر ئەو بنەمایە چ کەس و لایەنێک لەسەر فەلسەفەی ئازادی و دیموکراتی ژن و ئیکۆلۆژیا تێکۆشان بکەن، دەوڵەتی تورکیا هێرشی دەکاتەسەر، بێگومان کۆمەڵکوژی ژنان لە جیهاندا هەیە، بەڵام کۆمەڵکوژی ژنانی کورد تەنها بەهۆی ژن بوونیانەوە نییە، بەڵکو لەبەر ناسنامەیانە، بەوەی کە دەڵێن سەدەی ٢١ دەکەینە سەدەی ژنی ئازاد، بۆیە کۆمەڵکوژی ژنانی کورد ئیدۆلۆژی و فەلسەفییە.