"ژنان هەموو کاتەکانتان بکەنە تێکۆشان دژی پیاوسالاری و داگیرکاری"

ڕێپاک لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسدا ڕایگەیاند، "لەپێناو تێكشكاندنی ئیرادەی ژنان و لە كەسایەتی شكاندنی ئیرادەی ئەو ژنە‌ و تەسلیمگرتنی كۆمەڵگە، ئامانجە سەرەكیەكان هێرشەكانی سەر ژنانن".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی پەیوەندیەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک لە ١١یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، کە هەریەک لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر کران، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پێویستە ژیانی هەر ژنێك هەمیشە ببێتە تێكۆشان".

 

دەقی بەیاننامەکەی ڕێپاک؛

"١٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەكەم كۆمەڵكوژی پاریس كە تێیدا ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز تیرۆر كران، سەری رێز لە بەرامبەر هەر سێ ژنە تێكۆشەر دادەنەوێنین‌ و بكەرانی ئەم تیرۆرەو ئەوانەی تا رۆژی ئەمڕۆ لە هەوڵی ون كردن‌ و بەلاڕێدابردنی ئەو تیرۆرەدان‌ و بكەران دەشارنەوە‌ و بەسزا ناگەیەنن، شەرمەزار دەكەین.

 

هێرش توندوتیژی، تیرۆری هەر ژنێك چەندین پەیام‌ و مەبەستی لە پشت شاراوەیە، بە درێژایی مێژووی سیستمی پیاوسالاری‌و دەسەڵاتدارێتی ژنان پشكی سەرەكیان لە هێرشەكان بەركەوتووە، جا ئەگەر ئەو ژنە لەناو خێزانەكەی سەریهەڵدابێت‌ و لەلایەن باوك‌ و برا، یان ژنێك لە نێو عەشیرەتێك سەریهەڵدابێت، لەلایەن سەرۆك عەشیرەت، هتد.. لە هەموو ئەوانە زێدەتر ئەگەر ژنێك توانیبێتی پێشەنگایەتی بۆ كۆمەڵگەیەك ــ ژنان‌و مرۆڤایەتی بكات‌و ببێتە شۆڕشگێڕ و لە لوتكەی بوێریەوە ڕووبەڕووی باوك، برا، خێزان، عەشیرەت‌و سیستم، پیاوسالاری‌و دەسەڵاتداری‌و فاشیزم وەستابێت‌ و پێشەنگایەتی بۆ بەرخۆدان‌ و خۆڕاگری كردبێت، هەمیشە ئامانجی سەرەكی دوژمنان‌ و سیستمی پیاوسالاری‌و فاشیزم بووە.

 

لە پێناو تێكشكاندنی ئەو ئیرادەیە، لە كەسایەتی شكاندنی ئیرادەی ئەو ژنە‌ و تەسلیمگرتنی كۆمەڵگە، ئامانجە سەرەكیەكان هێرشەكانی سەر ژنانن. بەڵگە نەویستە كە سیستەمێكی پیاوسالار‌ و دەسەڵاتدار‌ و فاشیست ژنێكی هۆشیار، پێشەنگ‌ و ڕێكخستنكراو قبوڵ ناكات‌ و بوونی وەها ژنێك بە مەرگی خۆی‌و گەورەترین هەڕەشە دەبینێت.

 

ساكینە جانسز، فیدان دۆغان، لایلا شایلەمەز لە كۆمەڵكوژی یەكەمی پاریس‌ و شەهید ئەڤین گۆیی لە كۆمەڵكوژی دووەمی پاریس باشترین بەڵگەن بۆ تۆقین‌و ترسی دەسەڵات‌و سیستەمی فاشیست‌و داگیركەری تورك‌و هاوكارەكانیان كە لەم پێشەنگانەی ژن هەیانبوو، بەو مەبەستەش كرانە ئامانج‌و تیرۆر كران.

 

بە ئامانجگرتنی ئەو تێكۆشەرانە هەوڵدان بوو بۆ شكاندنی ئیرادەی ساكینەكان‌و پاشەكشەكردنی ژن لە پێشەگایەتی بۆ ئازادی‌و جارێكی تر بێ پێشەنگ هێشتنەوەی ژنان. بەڵام مێژووی تێكۆشانی ژنانی كورد پڕیەتی لە قوربانی دان، ئەوەی كە جێگای داخە بۆ دوژمن‌و داگیركەران ئەوەیە كە هەر قوربانیدانێك لەدەستدانی هەر پێشەنگێك بووە بە هێز و ورە بۆ تەواوی ژنان‌ و زیاتر بڵندتر كردنی تێكۆشان، نەك وەك ئەوەی كە دوژمنان ئاواتیانە.

 

دوای ١٠ ساڵ لەو كۆمەڵكوژیە تا ئێستایش تەنیا بۆ رۆژێكیش ژنان نەك پاشەكشەیان نەكرد لەسەر داواكاری‌و تێكۆشانەكانیان، بەڵكو پێشەنگایەتی ژنان بە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی‌"و بە گەردونیكردنی، و تەواوی بەرخۆدانەكانی كە ئەمرۆ لە سەرتاسەری جیهان ژنانی كورد‌و ئازادیخوازان پێشەنگایەتی بۆ دەكەن، گەورەترین بەڵگەیە بۆ درێژە دان بە ڕێگا‌ و تێكۆشانی ساكینەكان‌و باشترین وەڵامی جەرگبڕانەیە بۆ دوژمنان‌و سیستەمی پیاوسالاری‌و فاشیزم.

 

لە كۆتاییدا وەك رێكخراوی پەیوەندیەكانی ژنانی كورد رێپاك وێرای جارێكی تر شەرمەزاركردنی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤانەیە، سەری رێز لە بەرامبەر ساكینە‌ و هەڤاڵانی دادەنەوێنین‌و بانگەوازی لە تەواوی ژنان دەكەین لە كونجی ماڵەكان تا دەگات بە شەقام‌ و بازاڕەكان، لە شەقامەكان تا دەگات بە هەموو شارەكان، تا دەگات بە چوارپارچەی كوردستان‌و جیهان، هەموو سات‌ و كاتێك بكەینە تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان، بە سزاگەیاندنی بكوژانی ساكینەكان، بۆ پێشەنگایەتیكردنێكی بەهێزتر لە پێناو پوچەڵكردنەوەی هەموو هێرش‌و داگیركاریەكان‌و لە گۆڕنانی خەون‌و ئاواتەكانی دوژمنانی ژنان‌و گەلەكەمان. لەم پێناوەدا بەڵێ بۆ هەمیشە تێكۆشان، بەڵێ بۆ تێكۆشانی هاوبەش‌و پێشەنگایەتی ژنان."