گوڵیخان تاهیر: لە بەرامبەر شەڕی تایبەت، یەکگرتوویی ڕێگای ڕزگارییە

گوڵیخان تاهیر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی تل تەمر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر ژێرخانی هەرێمەکە شەرمەزار دەکات و هێرشەکانی بە شەڕی قڕکردن ناوبرد.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لە سەردەمێکی مێژووییدا کە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە واژۆکردنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەرییەوە دڵخۆش بوون. لە ٢٣ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ژێرخانی ناوچەکە، لە ئەنجامدا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٨ کەسیش برینداربوون، گوڵیخان تاهیر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل تەمر، هەڵسەنگاندنی کرد.

 

"دەوڵەتی تورک هەموو پێوەرەکانی شەڕ و ڕەوشت پێشێل دەکات"

گوڵیخان تاهیر ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و وتی: ئەمە شەڕی قڕکردنە، شەڕی دژی گەلی کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری، تورکمان، چەرکەزی، ئەرمەنییە، ئەمە دژی هەموو ئایینەکان و دژی ژیانی هاوبەش و هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتییە کە بە ئیرادەی گەل پێکهێندراوە و دەبێتە نموونەیەک بۆ جیهان، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەم هێرشانە هەموو پێوەرەکانی شەڕ و ڕەوشت پێشێل دەکات،  هەڵوێستی شەرمەزارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرمەزار دەکەین و داوای هەنگاوی ویژدانانە دەکەین.

 

"گەل بوونی خۆیان لەژێر چەتری خۆبەڕێوەبەرییدا بینی، بۆیە هێڵی بەرخۆدانیان هەڵبژارد"

گوڵیخان تاهیر ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئەو سەرکەوتن و ڕێکخراوبوونە قبوڵ ناکەن کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادایە، بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکات و دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکانیش بێدەنگن و وتیشی: لە کاتێکدا گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە واژۆکردنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دڵخۆش بوون کە تیایدا مافەکانی هەموو نەتەوە و ئایینەکان پارێزراون، دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر هەرێمەکە و ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج، هێرشەکان بۆ کەمکردنەوەی متمانەی گەلە بە سیستمی خۆبەڕێوەبەری و بۆ ئەوەی ڕێگە بە خۆبەڕێوەبەری نەدات خزمەتی کۆمەڵگەکەی بکات. بەڵام گەل لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان زۆر باش دەزانن چ سیاسەتێک بەدوایدا دەکەوێت و گەل بوونی خۆیان لەژێر چەتری ئەم سیستمەدا بینیووە، بۆیە هێڵی بەرخۆدانییان هەڵبژاردووە.

 

"یەکێتی ڕێگری لە هێرش و سیاسەتی قڕکردن دەکات"

لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵیخان تاهیر تیشکی خستەسەر بێدەنگی دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان و وتی: بێدەنگییەکی شەرمەزارکەر هەیە بەرامبەر بە هەموو ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامی داوە، ئەم بێدەنگییە دەبینین لەگەڵ پیلانێکی نێودەوڵەتی کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩، بۆچی ئەم بێدەنگییە هەیە ئەگەر بەشداری لەو هێرشانەدا نەکەیت؟ ئەی مافی مرۆڤ؟ لەم کاتە مێژووییەدا کە گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێیدا دەژین، یەکگرتوویی پێویستە، یەکگرتوویی تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتی قڕکردن و هێرشەکان.