داوای ڕاگرتنی ناکۆکییەکانی سودان دەکرێت

ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییان داوە لە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەر و تیمە پزیشکیەکان و گەیشتنی مرۆیی بۆ سودان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٥ی نیسانەوە سودان شایەتی ناکۆکییەکی بەردەوام بووە لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بووەتە هۆی قەیرانی مرۆیی و تەندروستی، نزیکەی ١٢ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە ٧ ملیۆن کەسیش ناچارکراون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

 

لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا بۆ ئۆمدورمان، لە پایتەختی سودان و نیالا لە ڕۆژئاوای هەرێمی دارفور لە ڕۆژی هەینی ٢٩ی کانوونی یەکەم، نزیکەی ٣٥ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ١٥٠ کەسیش برینداربوون، هەروەها ٦ ئەندامی  خێزانێک کە منداڵ و ژنی تێدابوون گیانیان لەدەستدا.

 

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی دیموکرات لە هەرێمی دارفۆر ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر نیالا کە خەڵکی مەدەنی کردە ئامانج لەلایەن سوپای سودانەوە بووە دوای ئەوەی چوار هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە کە گەڕەکەکانی شارەکەیان کردووەتە ئامانج.

 

لە لایەنی مرۆییەوە، بۆردومانە بەردەوامەکان بوونەتە هۆی ئەوەی نزیکەی ٨٠%ی نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە لە خزمەتگوزاری دوور بن و ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ویلایەتی خەرتووم و دارفۆر و جزیرە بەهۆی کەمی دەرمان و یارمەتی پزیشکی و خزمەتگوزاری فریاکەوتن دەناڵێنن.

 

زیاتر لە ٨٠%ی دانیشتووانی پایتەخت کە لە ناوچەکانی خۆیان هەڵهاتوون ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ئەمنی و مرۆیی زۆر مەترسیدار دەبنەوە، ژمارەیەک لە ناوچەکانی وڵاتەکە بەهۆی خۆراک و دەرمان و قەیرانی کارەبا و ئاوەوە ترسیان بینی.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەکات بۆ چارەسەرکردنی خراپتربوونی قەیرانی تەندروستی و مرۆیی لە سودان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد یارمەتی دارایی زیاد بکات.

 

بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ناکۆکییە بەردەوامەکان.