ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: سەمیرە سەبزیان لەسێدارە درا
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، سەمیرە سەبزیان کە ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی کرابوو، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە درا، "سەمیرە قوربانی توندوتیژی خێزانی بووە و تا ئێستاش قوربانیی ڕژێمی ئێرانە".
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە وڵاتی نەرویجە، ڕایگەیاند کە سەمیرە سەبزیان ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەم لە زیندانی غەزل حسار لە شاری کەرەجی پایتەختی تاران لەسێدارە درا.
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی میدیایی سەبارەت بە لەسێدارەدانی سەمیرە سەبزیان بڵاوی کردەوە، "ساڵانێک سەمیرە بووەتە قوربانی هەڵاواردنی ڕەگەزی، هاوسەرگیری لە تەەمنی منداڵان، دەستدرێژی و توندوتیژی خێزانی، ئەمڕۆش بووەتە قوربانیی جێبەجێکردنی یاساکانی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەپێنراوە".
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕەخنەی لە جێبەجێکردنی یاسا گرت و داوای لێپرسینەوە لە عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی ئێران و بەرپرسانی دیکەی کرد.
سەمیرە سەبزیان ساڵانێک ڕووبەڕووی توندوتیژی سیستماتیکی و دەستدرێژی لەلایەن پیاوێکەوە کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بە زۆر هاوسەرگیری پێکرابوو، بووەوە، سەمیرە سەبزیان، کاتێک تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، بە مەبەستی خۆپاراستن، کاتێک دەستدرێژی کرایەسەر و هاوژینەکەی کوشت، دوای ئەوە سەمیرە دەستگیر کرا و ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندان بوو، بەخێوکردنی منداڵەکانیشی درا بە بنەماڵەی هاوژینەکەی.