هێرشی دەوڵەتی تورک بەردەوامە؛ ٨ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا

دەوڵەتی تورک لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٨ کەس، لەناویاندا دوو ژن، گیانیان لەدەستدا و ١٣ کەسیش برینداربوون.

قامیشلۆ

 

دەوڵەتی تورک لە ۲۳ی مانگەوە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە هێرشەکاندا، دەوڵەتی تورکیا دامەزراوەی کاروباری گشتی، دامەزراوەی کشتوکاڵ، چاپخانە، ناوچەی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، نەخۆشخانەی مانگی سوور لە کۆبانی، کۆمپانیای خزمەتگوزاری، نەخۆشخانە، ناوەندی بیناسازی و کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک و زەیتوون و پەتاتەی کردە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٨ کەس گیانیان لەدەستدا، لەناویاندا دوو ژن هەن و ١٣ کەسیش برینداربوون.

 

لە کاتژمێر ٢٢:١٥ی ئێوارەی ٢٣ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا وێستگەیەکی نەوتی لە گوندی بانە شکەفت لە ناوچەی کۆچەرات لە شاری دێرک کانتۆنی جزیرە بۆردوومان کرد و وێستگەکە لە خزمەتگوزاری وەستا، لە شەوی ٢٣ی مانگ، دەوڵەتی تورکیا سێ جار وێستگەی نەوتی سەیدای لە نزیک گوندی گیردم لە ناوچەی تربەسپی کانتۆنی جزیرە بۆردوومان کرد، هەروەها جارێکی دیکە وێستگەی نەوتی عەودای بۆردوومان کرد، لە هەمان کاتدا کارگەی پلاستیک لە باشووری ناوچەکە نزیک وێستگەی بەنزینخانەی شابۆ بۆردوومان کرا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوڵاتییەک بریندار بوو.

 

ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی تورک ناوەندی کۆبانێی بۆردوومان کرد و کۆمپانیای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئەحمەد تەمیری کردە ئامانج و دوو کەسی بریندار کرد، هەمان ڕۆژ، کاتژمێر ١٥:٠٠ ی پاشنیوەڕۆ دەوڵەتی تورکیا چوار جار هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی مشتەنوور لە کۆبانێ.

 

لە هەمان ڕۆژدا دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر گەڕەکی ئیلا لە قامیشلۆ، هەروەها کۆمپانیای دروستکردنیش ئامانجی هەبوو، لە هەمان کاتدا، دەوڵەتی تورکیا دوو جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاپخانەی سیماڤی لە قامیشلۆ کردە ئامانج، کارگەی چیمەنتۆش کردە ئامانج، هێرشی کردە سەر وێستگەی شەمەندەفەر لە قامیشلۆ، ئێوارەی دوێنێ ٢٥ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا وێستگەی نەوتی لە قامیشلۆ بۆردوومان کرد.

 

دەوڵەتی تورک هەروەها بە تۆپ هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی برچقاس و مەیاس لە ناوچەی شێراوای عەفرین، هەروەها لە عامودا هۆڵی ئاهەنگی کەرەم، کۆمپانیای زەیتوونی ڕۆهات و نیسک کرانە ئامانج.

 

نەخۆشخانەی مانگی سووری کۆبانێ بۆردوومان کرا

دوێنێ ٢٥ی کانوونی یەکەم، دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی مانگی سوور لە کۆبانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمە لەکاتێکدایە دەیان ناوەندی ژێرخان کرانە ئامانج لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شارەکانی کۆبانی و قامیشلۆ و دەوروبەری.

 

گەنجانی کانتۆنی فورات وێڕای بۆردوومانەکان یادی هاوڕێکانیان کردەوە

سەرەڕای بۆردوومانی قورس لە ناوەندی کۆبانێ کە گەڕەک و ژێرخانی ناوچەکەی کردە ئامانج، یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ ڕێپێوانێکیان بە دروشمی "دژی هێرشە داگیرکارییەکان جەنگی ئازادی سەربخەن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەن" ڕێکخست، ڕێپێوانەکە لەبەردەم ئەو ماڵەی گەڕەکی شەهید پایمان کۆتایی پێهات کە لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر  یەکێتی ژنانی گەنج و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی کانتۆنی فورات و بەهۆیەوە نوژیان ئۆجالان، ڤیان کۆبانێ، ڕۆژین ئیسۆ، مەرهەف ئیبراهیم، وەلید حوسێن و مەسعود ئیبراهیم شەهید بوون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

لە ماوەی ڕێپێوانەکەدا، گەنجان دروشمی "بەرخۆدان ژیانە"، "تۆلهەلدان"، "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە.

 

"ڕێپێوانی سەر شەقامەکان وەڵام بوو بۆ دەوڵەتی تورک"

ڕۆناهی کۆبانێ وتی: دوو ساڵ لەمەوبەر، ٦هاوڕێمان لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکیا شەهیدبوون.، ٦ هاوڕێی چالاک و پێشەنگمان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، بڕیاربوو لە گۆڕاستانی شەهید دیجلە لەسەر گۆرەکانیان یادیان بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی بۆردوومانە قورسەکەی ناوەندی کۆبانێ ڕێپێوانەکەمان گۆڕی، دەوڵەتی تورک دەیەوێت ژێرخانی ناوچەکە و هەموو سەرچاوەکانی ژیان لەناو ببات، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە گەلەکەمان و ژنان و گەنجان دەترسێت، بەڵام هەرگیز شکست ناهینین، بەرخۆدان دەکەین و ئەم هێرشانە لەناودەبەین، لێرەین و لە مەیدانەکانین، ڕێپێوانی ئەمڕۆمان گەورەترین وەڵامە بۆ دەوڵەتی تورکیا.