"هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لەبەرامبەر قەیرانی سووریا چارەسەرێکی بنەڕەتییە"

مەریەم ئیبراهیم، ڕایگەیاند هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چارەسەرێکی بنەڕەتییە بۆ قەیرانی سووریا و وتی:  مافەکانی ژنان لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکە مسۆگەر دەکرێت.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەقە- ئەنجومەنی گشتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٢ی کانوونی یەکەمدا هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی کە لە ١٣٤ ماددە پێکدێت پەسەند کرد، مریەم ئیبراهیم، هاوسەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەوە لیدوانی دا.

 

مەریەم ئیبراهیم ڕایگەیاند، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی لە ١٣٤ ماددە پێکهاتووە و وتی: هاوپەیمانێتییەکە مافەکانی ژنان دەپارێزێت و مسۆگەر دەکات، یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە کۆمەڵگەدا و لە هەموو بوارەکاندا مسۆگەر دەکات، هەروەها ئاشتی و سەقامگیری و یەکگرتوویی و ئازادی لە سووریا مسۆگەر دەکات و نوێنەرایەتی دەنگی گەل و داواکارییەکانی دەکات.

 

"چارەسەرێکی بنەڕەتییە"

مەریەم ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانێتیەکە سەرنج دەخاتە سەر یەکگرتوویی گەلی سووریا و وتی: پەسەندکردنی ئەم هاوپەیمانییە وەک هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لە ساڵی ٢٠١١ەوە لە سووریا هەیە، لە هەمان کاتدا، ئەمە چارەسەرێکی ڕیشەیی نیشان دەدات بۆ هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

وتیشی: خۆبەڕیوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمیتەی بچووکی پێکهێناوە، کۆمیتەکان گفتوگۆیان کرد دەربارەی پڕۆژەکە کە بۆ دروستکردنی سووریایەکی خۆبەڕێوەبەرو دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی ئامادەکرابوو، پێشکەشکرا بۆ ڕەزامەندی کۆمەڵەی گشتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە شێوەیەک کە ببێتە دەستوورێک بۆ هەموو لایەنەکانی سووریا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر خۆبەڕێوەبەربردن، لە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی دەکرێت گۆڕانکاری بکرێت.

 

"هاوپەیمانی مافی هەموو لایەک دەپارێزێت"

مەریەم ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانێتیەکە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو بەشە جیاوازەکانی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان دەکات، ئەمە یەکەم هاوپەیمانێتییە کە ستانداردی پێکەوەژیان بە ئامانج دەگرێت، ئێزیدییەکان و ئەرمەنییەکان لە مێژوودا چەندین کۆمەڵکوژییان بینیووە، لە زۆر ماوەدا ناسنامە و کولتووری ئەوان جیاکارییان لەگەڵ دەکرا و قسەکردنیان بە زمانی خۆیان قەدەغە کرا، هەروەها چەندین پێشێلکاری لە دژی باوەڕ و بوون و نەتەوە و کولتووریان هەبووە.

 

"ژنان لەگەڵ شۆڕشدا پێشکەوتن"

مەریەم ئیبراهیم، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگی مافەکانی ژنان کردەوەو وتی: ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەند ساڵێک پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا ستەمیان لێکراوە، بەو بەرخۆدانەی کە ژنان لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا نیشانیان دا، ئەم فشارە کۆتایی هات، ژنان چەندین دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوەو بەرەو ئازادی دەڕۆن، بە شێوەیەکی سەرەکی لە بوارەکانی سیاسی و سەربازیدا، ژنان دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بگێڕن، پێش هەموو شتێک، ژنان و هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەبێت خاوەنی زانست و ئیرادەبن،  لەم قۆناغە هەستیارەدا، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی مافەکانی ژنان دەستەبەر دەکات و دەبێتە ڕێگەیەک بۆ بنیادنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.