گفتوگۆی ئاڵۆز و قورس بۆ ئەگەری ئاگربەستی مرۆیی

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کرد، گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی نوێ و ئاڵۆزی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حەماس دەکەن، دوای ڕووداوەکەی گەڕەکی شوجاعیە لە غەززە کە تیایدا سوپای ئیسرائیل سێ دەستگیرکراوی بە هەڵە کوشت.

ناوەندی هەواڵ

 

سوپای ئیسرائیل هێرشی چڕی تۆپخانە و فڕۆکەی بۆ سەر هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە کردو دەیان کەسی کوشت و بریندارکرد، پێدەچێت هەزاران کەس لەژێر داروپەردوو وێرانەکاندا بن.

 

میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند، پێشنیار هەیە کە پاکێجێکی مرۆیی گەورە و ڕێککەوتنێکی ئاڵۆزی ئاڵوگۆڕ بکرێت کە تیایدا داوای ئازادکردنی زیندانیانی حەماس و نەخۆش و بریندارەکان و بەساڵاچووان دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستگیرکراوانی دیکە، هەروەها ئاگربەستێکی کاتی و چوونە ناو کەرتی غەززە لەخۆبگرێت.

 

حەماس وەڵامی پێشنیارەکەی دایەوە لە بەیاننامەیەکدا وتی: هێشتا هیچ دانوستانێک بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان نەکراوە مەگەر ئیسرائیل بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بوەستێنێت.

 

ئەم پێشنیارەش دوای ئەو ڕووداوە هات کە لە گەڕەکی شوجاعیە لە غەززە تیایدا سوپای ئیسرائیل سێ دەستگیرکراوی "بە هەڵە" کوشت و بووە هۆی مشتومڕێکی بەربڵاو.

 

هێرشەکان بۆ سەر کامپ و نەخۆشخانە

ئەوە لەکاتێکدایە تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاکەوتن بەهانای ٩٠ بریدارەوە چوون دوای ئەوەی ئیسرائیل دوو ماڵی کامپی جەبالیای بۆردومان کردو ٣٥ کەست کوشت، دەیان کەس هێشتا لەژێر داروپەردوو وێرانەکاندان و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کامپی نوسرەت بووە هۆی کوژرانی ١٢ کەس، هەروەها تۆپخانەکانی ئیسرائیل گۆڕەپانی نەخۆشخانەی ناسریان کردە ئامانج لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە و دوو کەسی بریندار کردو دواتر چەند ناوچەیەکی باکووری خان یونس و کەناراوەکانی ڕۆژئاوای بۆردومان کرد.

 

لەسەر ئاستی مرۆیی، ئیسرائیل هێشتا نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لە باکوورەوە بۆ باشوور دەکاتە ئامانج، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشخانەی "شیفا" لە غەززە تەنها چارەسەری بنەڕەتی دابین دەکات بۆ جێگیرکردنی حاڵەتەکانی بریندارەکان بەبێ هیچ دابینکردنێک بۆ گواستنەوەی خوێن، هۆشداریشی داوە لە جددیەتی دۆخەکە لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان.

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس لە ماڵەکانیان، بەتایبەتی بۆ نەخۆشخانەکان، سەدان ئاوارە نەخۆشخانەی شیفا وەک پەناگە بەکاردەهێنن بەهۆی کەمی ئاو و خۆراکەوە، هەروەها ژمارەی کوژراوان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە گەیشتە زیاتر لە ١٩ هەزار کەس و زیاتر لە ٥٢ هەزار کەسی دیکە بریندار بوون، کە ٧٠% یان ژن و منداڵ بوون.