داهێنەرێک لە پێشبڕکێی داهێنان و نوێبوونەوەی نێودەوڵەتی دوبەی خەڵاتی زێڕی بردەوە
سروە گورجی پوور، خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەدالیای زێڕی لە پێشانگەی نێودەوڵەتی داهێنان و نوێبوونەوەی دوبەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە ئیمارات بردەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە پێشەنگای نێودەوڵەتی داهێنان و نوێبوونەوەی دوبەی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ١٦٥ تیم لە ٢١ وڵاتی جیهانەوە، لەوانە بەریتانیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، ڕۆمانیا، میسر، کرواتیا، سعودیە، ئیمارات، عێراق، تورکیا، تایوان، قەتەر، کەمبۆدیا، هیندستان و ئێران، داهێنانەکانیان بۆ ماوەی دوو ڕۆژی لەسەر یەک نمایش کرد.
پەیمانگای ئەندازیاری لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی داهێنەر سروە گورجی پوور بەشداری لە پیشانگەی داهێنان و نوێبوونەوەی جیهانی دوبەی "DIS "۲۰۲۳ کرد.
سروە گورجی پوور خەڵاتی زێڕی جیهانی وەرگرت، خەڵاتێکی تایبەت و پەیکەرێکی زێڕینی لەلایەن پرۆفیسۆر ئۆگستین، سەرۆکی دەستەی داهێنەرانی جیهان و ڕێکخراوی جیهانی خاوەندارێتی ڕۆشنبیری "WIIPA" و پرۆفیسۆر مارک، سەرۆکی هەڵبژاردەی بەریتانیا پێبەخشرا.
پێشانگای نێودەوڵەتی و تایبەت بە داهێنان و تەکنەلۆژیای داهێنەرانە بۆ میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی جیهانی خاوەندارێتی ڕۆشنبیری "WIIPA" و دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ ناسنامە و هاوڵاتیبوون و بە پاڵپشتی زانکۆ و سەنتەری جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە داھێنەران بەڕێوەچوو.