بنەماڵەی دەستگیرکراوان لە غەززە داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکەن

دوای کوشتنی سێ بارمتەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە کە دەوترێت"بە هەڵە" بووە، خێزانی دەستگیرکراوەکان داوایان کرد شەڕ لە کەرتی غەززە بوەستێندرێت و دەبێت دانوستانی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەستپێبکات.

ناوەندی هەواڵ

 

٧٢ ڕۆژە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامی هەیەو، ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کەرتی غەززە و شەڕی توند لەگەڵ حەماسدا، ئەنجومەنی جەنگی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاڵوگۆڕی زیندانیان.

 

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٢٠ سەرباز لە شەڕەکانی شوجایە لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە کوژراون.

 

لە کاتێکدا هێرشەکان چڕبوونەوە، حەماس داوای لە ئیسرائیل کردشەڕ بوەستێنێت و دەست بە دانوستانەکان بکات لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنیان.

 

دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لە تەل ئەڤیڤ ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، بە هەڵە سێ بارمتەیان کوشتووە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە کەرتی غەززە، نوام پێری، کچی حایم پێری کە بارمتەیە، وتی: دەمانەوێت ئێوە واز لە شەڕ بهێنن و دەست بە دانوستانەکان بکەن.

 

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند کە زیندانییەکی دیکەی ئیسرائیلی بە ناو ئینبار هایمان لە غەززە کوژراوە.

 

لە بەردەوامی هێرشەکان و هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا، هێزەکانی ئیسرائیل دوو کەسیان کوشت لەکاتی هێرشکردنە سەر کامپی پەنابەرانی نور شەمس ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی کانوونی یەکەم، ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی ئاماژەی بەوەدا کامپەکە شایەتی هەڵمەتێکی دەستگیرکردن و وێرانکردنی ژێرخان بووە.

 

ئیسرائیل گەمارۆیەکی توندی سەپاند بەسەر کامپی نور شەمس لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدا کە تیایدا تەقەی قورس کرا و ئاگرێکی گەورە لە حەوشەی کامپەکە کەوتەوە.

 

لە جێنین، کە شایەتی پێکدادان و هێرشی بەردەوامە، بەیانی ئەمڕۆ گەنجێک بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان گیانی لەدەستدا.