کامپی ئاوارەکانی شاری هەولێر بێ بەشن لە خزمەتگوزاری

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی نووسینگەی هەولێر، ڕاگەیاندووە، لە سەردانە مەیدانییەکانی نووسینگەکەیان بۆ كامپەکانی ئاوارەکان، دەركەوت شەش كامپی ئاوارەكان لە هەولێر بەتەواوی بێ بەشن لە خزمەتگوزاری تەندروستی.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرمەد بەدری بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی نووسینگەی هەولێر، لە بارەی خراپی دۆخی خزمەتگوزاری تەندروستی كامپەكانی سنووری هەولێر، بە میدیا ناوخۆییەكانی ڕاگەیاندووە، لە سەردانە مەیدانییەکانی نووسینگەکەیان بۆ كامپەکانی ئاوارەکان، دەركەوت شەش كامپی ئاوارەكان لە هەولێر بەتەواوی بێ بەشن لە خزمەتگوزاری تەندروستی.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو شەش كامپە لە نزیكەی ٣٢ هەزار ئاوارەی تێیدا نیشتەجێیە، كە زۆرێكیان تووشبووی نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجەیی و ژنان و منداڵان، زۆر پێویستیان بە بنكەیەكی تەندروستی یان نەخۆشخانە هەیە، بەمەبەستی چاودێریكردنی باری تەندروستییان.

 

دەشڵێت: هۆشداریی لە ڕوودانی كارەساتی تەندروستی لەو كامپانە دەدەن، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كومبوونەوەی هاوكاری زۆربەی ڕێكخراوە مرۆییەكان، داوای لە یەكەی ئیداراییەكانی هەولێر كرد ڕێوشوێنی گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ پاراستنی دۆخی تەندروستی ناو كامپەكان.