بە نمایشکردنی کار و بەرهەمی ژنان یادی ٢٣٩ ساڵەی شاری سلێمانی کرایەوە
٢٣٩ ساڵە شاری سلێمانی دامەزراوە و لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی بۆ ئەو یادە بەڕێوەدەچێت، ژنانیش بە نمایشکردنی بەرهەم و کارە دەستییەکانیان یادەکەیان زیندووتر کردووە.
سلێمانی
١٤ی تشرینی دووەم، بە ساڵڕۆژی دامەزراندنی شاری سلێمانی دادەنرێت و بە چەندین فێستیڤاڵی جیاواز و چالاکی جۆراوجۆر پێشوازی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت.
بەو بۆنەیەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە باخی گشتی و بەردەرکی سەرای سلێمانی پلاتفۆرمی ئین سلێمانی فێستیڤاڵی ٢٣٩یەمین ساڵیادی شاری سلێمانی بە پێشەنگای وێنە و کاری دەستی ژنان و خواردنە کوردەوارییەکان دەستپێکرد.
لە بەردەم باخی گشتی، کە یەکێکە لە کۆنترین باخچەکانی سلێمانی، وێنەی کۆنی ساڵانی ڕابردوو و ژنانی شارەکە بە ناوی "پێشەنگای یادگاری شارێک" کرایەوە، هەروەها "پێشەنگای سلێمانی، پێشەنگی ئەدەبیاتی کوردی"، کە پەرتوکی چەندین نوسەری بەناوبانگی ئەو شارەی لەخۆ گرتبوو کرایەوە و چەندین خواردنی کولتووری و کاری دەستی ژنان نمایش کران، ئەم چالاکییە لە بەردەرکی سەراش بە نمایشکردنی کار و ڕەنجی ژنان بەردەوام بوو. لە درێژەی فێستیڤاڵەکەشدا چەندین چالاکی بۆ منداڵان، یاری دۆستانەی نێوان ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، یاری ئاگرین و کۆنسێرت بۆ هونەرمەندان بەڕێوەدەچێت.
"سلێمانی شاری ژنە تێکۆشەرەکانە"
زەکێ عوسمان، یەکێک لە سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە تایبەت بە یادی سلێمانی و گرنگی ئەو شارە وتی : سلێمانی شاری ڕۆشنبیری و ژنە تێکۆشەرەکانە، شاری شۆڕش و بەرخۆدانە، بۆیە هەمیشە یادی دەکەینەوە و پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ژنان و هاوڵاتیانی ئەم شارە دەکەم، شاری سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ ژنان تا بتوانن تواناکانی خۆیان بخەنەڕوو و ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشچوونی ئەم شارە.
زەکێ پەیام بۆ گەنجان دەنێرێت و داوایان لێدەکات هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی سلێمانی و هێشتنەوەی وەک شاری ڕۆشنبیری و شۆڕش.
ژنان بە بەرهەمکانیان یادی ٢٣٩ ساڵەی شارەکە دەکەنەوە
بێگەرد عەلی، یەکێکە لە بەشداربووەکانی یادی سلێمانی، کە بە خواردنی کوردەواری بەشداری کردووە، باسی لەوەکرد، ماوەی حەوت ساڵە لە ماڵەکەی خۆیدا بە دروستکردنی خواردن خزمەت بە هاوڵاتیان دەکات، لە بۆنە و فێستیڤاڵەکانیشدا بەشداری دەکات تا بتوانێت توانای خۆی لە کۆمەڵگەدا بسەلمێنێت، دەشڵێت: ژن کاریگەری سەرەکی هەیە لە بەرەوپێشچوون و گۆڕان لە کۆمەڵگەدا، بۆیە گرنگە ژنان دەست بکەن بە پاراستنی ژینگە تا کۆمەڵگە دەربارەی هۆشیار ببێتەوە، جگە لەوەش دەست بکەن بەو کارانەی خولیایان بۆی هەیە و تیایدا سەرکەتوون و پێویستە پشت بە خۆیان ببەستن.
هێرۆ حسێن، یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی یادەکە و تایبەت بە نوژنها دەڵێت: ژنان هەمیشە ڕۆڵیان هەبووە لە دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی شاری سلێمانی، ئەمڕۆش ئێمە بە دەستڕەنگینی خۆمان بەشداریمان کردووە و هەوڵمان داوە لە ڕێی خواردنە کوردەوارییەکانەوە کولتووری کوردی و شارەکە بپارێزین.
هەر ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، نمایشی ئەسپی ڕەسەنی کوردی، فێستیڤاڵی ٢٣٩ ساڵەی سلێمانی لە گردی مامەیارە بەڕێوەچوو، لە ڕۆژانی داهاتووشدا چالاکی جیاواز و کۆنسێرتی هونەرمەندان لە شارەکە بەڕێوەدەچێت.