بۆ ٢٣٩یەمین ساڵیادی بونیادنانی سلێمانی نەمام چێندرا
لە ٢٣٩یەمین ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا ٢٣٩ نەمام لە شەقامی مەلیك مەحمود و ٧٠ نەمام لە گەڕەكی سەرچنار چێندران.
سلێمانی
سبەینێ ١٤ی تشرینی دووەم، یادی ٢٣٩یەمین ساڵی بونیادنانی شاری سلێمانیە و چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئەو یادکردنەوەیە و پیرۆزکردنی دەستی پێکردووە.
لەو بارەیەوە لەیلا عومەر، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: كۆمەڵێك مەڕاسیممان لە یادی ٢٣٩ ساڵەی سلێمانی کە دەكاتە سبەینێ سێشەممە ئامادە كردووە، بریتین لە سەوزایی و پڕۆژە و سەردانی چەند پرۆژەیەك، وەک كۆنكرێت بۆ گەڕەكەكان و دروستکردنی پرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی چالاكییەكان زۆرن بەشێكییان خستووەتە ئەمڕۆ، کە یەكێكیان بریتی بوو لە چاندنی ٢٣٩ نەمام لە بلواری شەقامی مەلیك مەحمود و ٧٠ نەمام لە سەرچنار.
سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی پرۆژەكان باسی لەوەكردووە، كۆمەڵێك لە بازرگانان و وەبەرهێنەرەكان كە پرۆژەكانیان دروستكردووە دەبوو ٢٥% ی سەوزایی بێت، بەڵام ئەوان سەرجەم زەوییەكانیان كردووە بە باڵەخانە بۆیە دەبێت بەپێی یاسا لە شوێنێكی دیكە ئەو پڕۆژەی سەوزاییە جێبەجێبكەن و خۆشیان بەڕێوەی ببەن.