بڕیارێکی شۆڤێنییانەی پەروەردەی کەرکوک هەڵوەشێنرایەوە

لە پاش ئەوەی دوێنێ بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەی شارى کەرکوک، بڕیارێکی شۆڤێنیزمی بۆ قەدەغەکردنی کۆمەڵێک پیتی کوردی دەرکرد، کە بریتیبوون لە (پ، ژ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ)، ئەمڕۆ بڕیارەکە هەڵوەشێنرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشتر پەروەردەی كەركوك، نووسراوێكی ئاڕاستەی خوێندنگەكان كرد و داوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر ناوی خوێندكاران كرد، كە لە یەكێك لە بڕگەكانیدا نووسرابوو نابێت پیتەكانی (پ، ژ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ) بەكاربهێندرێت و پێویستە لەبەرامبەردا پیتی عەرەبی بەكاربهێندرێت.

 

پاش دەرچوونى ئەو بڕیارە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى شارى کەرکوک دژى هەریەکە لە پیتەکانى (پ، ژ، ڤ، چ، گ، ۆ، ڵ، ێ، ڕ)، ناڕەزایەتى هاوڵاتییانی کورد و شارەزایانى زمانى کوردى لە کەرکوک بە دواى خۆیدا هێنا.

 

بەپێى زانیارییەکان، لە پاش ئەوەى ناڕەزایەتیی دژى بڕیارەکەى پەروەردەى کەرکوک دروستبوو، ئەمڕۆ لەلایەن بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردەى عێراقەوە بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە.