تاڵیبان دانیشتن لە کوشنی پێشەوەی ئۆتۆمبێلی لە ژنان قەدەغە کرد

تاڵیبان، کە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتووەتە دەست، بەتایبەتی دەستوەردان لە ژیانی ژناندا دەکات، بەدوای ئەو ژنانەدا دەکەون کە لە پێشەوەی ئۆتۆمبێل دانیشتوون لەکاتی پشکنینی ڕێگاکاندا بە وشەی "ئەمە فەرمانێکە"، ناچاریان دەکەن لە دواوە دانیشن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- گەشتکردن لە نێوان شارەکانی ئەفغانستان یەکێکە لەو بابەتانەی کە دەبێتە هۆی مشتومڕ، هەندێک لەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە هاتوچۆی خەڵک دەکەن کێشەی سەلامەتی و خراپبوونی ڕێگاوبان و نەبوونی دەرفەتن. هەروەها ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە لە کاتی گەشتکردندا و ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبنەوە.

 

لە گەشتێکدا لە کابوڵەوە بۆ هەرات، شایەتی یاساکانی تاڵیبان بووین دژی ژنان.

 

زوڵم لەسەر ژنان بەردەوامە

پێش ئەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵات بگرێتە دەست، ڕێگاکانی کابوڵ و هەرات وەک ناسەلامەتترین ڕێگا لە شارەکانی دیکە دەچوون، هەروەها ئەو ژنانەی لە ڕێگاکان پیاویان لەگەڵ نەبوو، نەیاندەتوانی لە ڕێگاکە دەرباز بن. تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١دا پاش ٢٠ ساڵ جارێکی دیکە دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتە دەست. جارێکی دیکە، خەڵک دەچەوسێنێتەوە، بەتایبەتی ژنان، بە شێوەی جیاواز.

 

"ژنان ناتوانن لە کورسییەکانی پێشەوەی ئۆتۆمبێل دابنیشن"

خەڵک ناچارن هەمیشە ناسنامە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، کاتێک لەبیری دەکەن، ناچار دەکرێن وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی تاڵیبان بدەنەوە بۆ چەند کاتژمێرێک و زۆرجار ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەکاتی پشکنینی ڕێگاکاندا، گەشتیاران لە ئۆتۆمبێلەکان دادەبەزێندرێن پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر ژنێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا هەبێت، دەبێت بیسەلمێنێت کە پیاوێکی لەگەڵدا هەیە و دەبێت بەڵگەنامەیەکی هەبێت بۆ سەلماندنی ئەوە، هیچ ژنێک مافی ئەوەی نییە لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا دانیشێت، ئەگەر ژنێک لە پێشەوە هەبێت، ئەوا سووکایەتی بە پیاوەکە دەکەن و شەرمەزاری دەکەن.

 

بە چەک هەڕەشەیان لێدەکرێت

لە گەشتەکەماندا، لەگەڵ ئەو خێزانەی کە دوو کچی گەنجیان لەگەڵ بوو، خێزانەکە لە کورسی پێشەوە دانیشتبوون. کاتێک ئۆتۆمبێلەکە لە خاڵی پشکنینی یەکەمدا وەستا،  تازە شاری هەراتمان جێهێشتبوو، چەکدارانی تاڵیبان ڕۆیشتن بۆ ئەو ژنەی لە پێشەوە دانیشتبوو و داوایان لێکرد لە کوشنی دواوە دانیشێت و پێیان وت: ئەوە فەرمانێکە هەموو سەرنشینەکان دژی ئەوە بوون، بەڵام چەکدارەکان هەڕەشەیان لە ژنان و منداڵان کرد بە چەک و ژن و منداڵەکانیان ناچار کرد لە پشتەوە دانیشن.

 

لەو کاتەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە، چەندین قەدەغەی بەسەر ژناندا سەپاندووە و هەوڵدەدات جێبەجێیان بکات.