لە سنوورى سیتەک ژمارەیەك دار بڕدراون و کەسانی سەرپێچیکار نادیارن

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە سنوورى سیتەک ژمارەیەك دار بڕدراون و کەسانی سەرپێچیکار نادیارن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک کە ئاماژەیە بۆ داربڕینەوە نووسیویەتی: لە پێناو پاراست و پارێزگاریکردن لە سروشت و ژینگەى سنوورەکەیان مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى سیتەک دەرچونێکیان ئەنجامدا بۆ گوندى هەرمن، توانیان دەست بەسەر یەک پیکاب دارى تەمەن جیاوازدا بگرن، هاوکات توانرا دەست بەسەر یەک تەور و یەک تەورداسدا بگیرێت، بەڵام هیچ کەس نەبیندرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەرو کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی و دۆزینەوەی کەسی سەرپێچیکار.

 

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە ئەمساڵ بەهۆی ئاگر کەوتنەوە کە هەندێکیان بەدەستی مرۆڤ و بە ئەنقەست بوون، ژمارەیەکی زۆر لە داری سروشتی سووتان و لەناوچوون، هەروەها لەگەڵ هاتنی وەرزی زستانیشدا ژمارەیەکی زۆر لە دارەکان بۆ مەبەستی خۆگەرمکردنەوە دەبڕدرێنەوە.