ژنان لە ڕێگای نمایشکردنی بەرهەمەکانیان بژێوی خۆیان دابین دەکەن
ژنانی دەستڕەنگین فێستیڤاڵەکان دەکەنە دەرفەتێک تا بەهرە و تواناکانیان دەربخەن، جگە لەوەش بووەتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە باخچەی كولتووری سەرا لە شاری سلێمانی، ڕێكخراوی برەودانی گەنجان فێستیڤاڵێکی پایزانەی بە مەبەستی دەرخستنی توانای ژنان ئەنجامدا، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
چەندین ژنی دەستڕەنگین لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و کارە دەستییەکانیان نمایش دەکەن، کە پێکدێت لە کاری دەستی ژنانە، جوانکاری ماڵ، بەرهەمی خۆماڵی و چەندین بەرهەمی دیکەی جیاواز.
"لە ڕێگەی کارەکانمانەوە کولتووری کوردی دەپارێزین"
ڕێناس عومەر، یەکێکە لە ژنانی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە، کە بە کاری دەستی بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەدا، لە پێناو ئاشنابوونی هاوڵاتیان بە بەرهەمەکانیان بەشداریان کردووە، چونکە هەرچەندە ئەمان بەشداری بکەن، ئەوەندە خەڵکی بە بەرهەمەکانیان ئاشنا دەبێت و شتیان لێدەکڕن.
وتیشی: داوا لە هەموو ژنان دەکەم دەست بکەن بە کاری تایبەتی خۆیان و چاوەڕێی دامەزراندن نەکەن، چونکە منیش پەیمانگام تەواو کردووە بەڵام لەبەر نەبوونی کار دەستم کردووە بە کاری خۆم و تیایدا سەرکەتوو بووم، لە ڕێگەی کارەکانیشمانەوە کولتووری کوردی دەپارێزین و وادەکەین کولتووری کوردی بە زیندووی بمێنێتەوە.