ژنانی شەنگال: هیوا لە کۆبانێ سەرکەوت

ژنانی ئێزیدیی شەنگال، لەبارەی ١ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێوە، ڕایانگەیاند کە بە بەرخۆدانی کۆبانێ هیوای خەڵکی ڕۆژئاوا و شەنگال زیندوو بووەوە.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بۆ ماوەی ١٣٤ ڕۆژ شارەکە لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار کرا، ١ی تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕاگەیەندرا، کە بە بەرخۆدانییەکەی لە جیهاندا دەنگی دایەوە.

 

ژنانی ئێزیدی لە شەنگال بە بۆنەی ١ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ ڕایانگەیاند: "وەک چۆن داعش لە کۆبانێ شکستی هێنا، لە شەنگالیش شکستی هێنا، سەرکەوتنی کۆبانێ ڕێگەی ڕزگارکردنی شەنگالی کردەوە، هیوا لە کۆبانێ سەرکەوت".

 

"کۆبانێ هیوای بۆ هەمووان دروستکرد"

سەفیناز ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی سنونێ، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی کۆبانێی لە خەڵکی ڕۆژئاوا کرد و ڕایگەیاند کە هیوای داگیرکەران لە کۆبانێ تێکشکا، وتیشی: وەک گەنجانی شەنگال پاڵپشتی کۆبانێ دەکەین، لە کۆبانێ تێکۆشانێکی زۆر کرا، سەدان شەهید لە کۆبانێ بە خاک بەخشران، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە کۆبانێ کەوتووە و دەڕووخێت، بەڵام گەریلا و ئازادیخوازان قسەکانی ئەردۆغانیان لە قوڕگیدا هێشتەوە، ئومێدەکانی ئەردۆغان سەری نەگرت. بەڵام هیواکانی کۆبانێ، خەڵکی ڕۆژئاوا و شەنگال بە بەرخۆدان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەفیناز ئیبراهیم وتی: کاتێک فەرمانەکە لە شەنگال ئەنجامدا، هەمووان بینییان، ژن و کچ دەفرۆشران و کۆمەڵگەی ئێزیدی ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەوە، بەڵام خەڵکی ڕۆژئاوا و گەریلاکانی سەر لوتکەی چیاکان هاتنە شەنگال و ڕزگاریان کرد، ئێستاش کچ و ژنانی ئێزیدی لە دەستی چەتەکان ڕزگار دەکەن، بانگەوازی من بۆ خەڵکی ڕۆژئاوا و بۆ کۆمەڵگەکەمان لە شەنگال ئەوەیە کە دەستی یەکبگرن و وەڵامی هەموو هێرش و فەرمانێک بدەنەوە، بە فکر و فەلسەفەری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان پەروەردە و بە ڕێکخستن بکەن، پێویستە هەمووان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و پەروەردە ببینن و لەپێناو خاکدا بەرخۆدان بکەن.

 

"سەرکەوتنی کۆبانێ ڕێگەی ڕزگارکردنی شەنگالی کردەوە"

ڕیحان خدر، ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی-تاژێ، باسی لە شکستی داعش لە کۆبانێ کرد و وتی: گەلەکەمان لە کۆبانێ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ئێمە بۆ ئەو سەرکەوتنە ئاهەنگ دەگێڕین و بە نیعمەتێک بۆ ئێمە و بۆ کۆبانێ دەیبینین، دوای ئەوەی چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، ئازادیخوازان هەنگاویان نا و چەتەکانیان تێکشکاند، وەک چۆن لە کۆبانێ شکستی هێنا، لە شەنگالیش داعش شکستی هێنا، سەرکەوتنی کۆبانێ ڕێگەی ڕزگارکردنی شەنگالی کردەوە، چەتەکان لە کوێ هێرشیان کرد، تیایدا تێکشکێنران، وەک کۆبانێ، شەنگال، ڕەققە و هتد، لە سایەی بەرخۆدانی ئازادیخوازان شکستیان هێنا، ئێمە و ڕۆژئاوا یەکین، خوێنمان بەیەکەوە گرێدراوە، ئێمە وەک گۆشت و نینۆکین، ناتوانین لە یەکتر جیا ببینەوە، بۆیە سەرکەوتنیش هەمیشە هی ئێمە دەبێت.