ژنانی کرماشان بۆ ئارمیتا بانگی تێکۆشانیان کرد

ژنانی کرماشان کاردانەوەیان بەرامبەر گیان لەدەستدانی ئارمیتا گراوند نیشانداو وتیان: تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت، سەرکوتکردن لەسەر ئەم خاکەو حیجابی زۆرەملێ دەبێتە خەنجەری مەرگ بۆ ژنان.

ژوان کەریمی

 

کرماشان- ئارمیتا گراوندی ١٦ ساڵ خەڵکی کرماشان کە لە تاران دەژیا، لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە نەخۆشخانەی فەجر دوای ٢٨ ڕۆژ لە بەرخۆدان گیانی لەدەستدا، ئارمیتا کاتێک لەگەل هاوڕێکانی لە میترۆیەکدا بوون بە بیانووی پابەند نەبوون بە "حجابی زۆرەملێ" لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتییەوە ئەشکەنجەدرا، پاش گیان لەدەستدانی لە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە گۆڕستانی بەهەشت زارا لە تاران بەخاکسپێردا ئەوەش دوای ئەوەی ڕێگە نەدرا تەرمەکەی ببرێتەوە کرماشان و لەوێ بەخاک بسپێردرێت.

 

هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکانی لێدانەکەی ڕوون و ئاشکران، بەڵام دەزگا حکومییەکانی ڕژێمی ئێران هێرشی جەستەیی لەسەر ئارمیتا ڕەتدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، خەڵک دەزانن کە بەگوێرەی بەڵگەی هاوشێوە، ئارمیتا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی، ئەندامانی خێزانەکەی دەستگیرکراون، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە یەکەم جار ڕاپۆرتی ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە دەستگیرکراوە، ڤیدیۆی کامێراکانی ئاسایشی میترۆکە سانسۆر کراوە، کوشتن و بەخاکسپاردنی ئارمیتا بووە هۆی کاردانەوەی زۆرێک لە خەڵک.

 

"نابێت ڕێگە بدەین کوشتنی ژنان ببێتە ئاسایی"

"ه.گ" یەکێک لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی کرماشان، داوای لە ژنانی ڕۆژهەڵات و سەرانسەری ئێران کرد ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەرببڕن و وتی: هەموومان دەزانین کە ئارمیتا گراوند یەکەم زیانبەرکەوتووی ئەم ڕژێمە کوشندەیە نییە و دوایین کەسیش نابێت، وەک ژنانی کرماشان و ڕۆژهەڵات و هەموو ژنانی ئێرانی کە نایانەوێت کۆیلەی ئەم دەسەڵاتە داگیرکارییە بن، پێویستە پێکەوە کۆببنەوە و یەکگرتوو بن، پێویستە لە دژی ئەم خوێنڕشتنە نایاساییە بوەستینەوە و هەستین و شکۆمەندی ژنان بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێنینەوە، نابێت ڕێگە بدەین ژنان و هەموو ئەوانەی دەیانەوێت ئازادی و یەکسانی ئاسایی بکرێنەوە بکرێنە ئامانج، بە دووبارەکردنەوەی ئەم تاوانانە، حکومەت دەیەوێت ئەم هەواڵ و کارەساتانە ئاسایی بکاتەوە، کە دەبێتە هۆی بێهاوتابوون و ناچالاکیمان،دەزانین هەتا کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا بێت، چەوسانەوەی ناچاری و حیجاب سزای مەرگ دەبێت بۆ ژنان لەم وڵاتەدا.

 

"دەسەڵات کۆتایی دێت"

"ه.گ" لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە بیسەلمێنین کە هیچ یەکێک لە زیانبەرکەوتووی داگیرکارییەکە لەبیر ناکرێت، ڕێگا و بوێری و خەونەکانیان بەردەوام دەبێت، ئەو ئازایەتییەی ئارمیتا لە دژی ئەم دڕندانە دەبێت هەموومان هۆشیار بکاتەوە، چونکە ئەو واز لە باوەڕ و مافەکانی خۆی نەهێنا لە بەرامبەر توندوتیژی بکوژانی دەوڵەت، ئارمیتا پێشەنگی ئازادی و یەکسانی و هەموو خەونەکانی مرۆڤە، ئەوانەی دەیانەوێت کۆنترۆڵی لەش و بیرکردنەوە و بیرکردنەوەی ژنان بکەن کۆتاییان دێت.

 

"وەک ساڵی ڕابردوو بچنە مەیدانەکان"

لەبارەی خەونەکانی ئارمیتا گراوند، "ش.ئ" چالاکوانی سیاسی و مەدەنی داوای لە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان، گروپەکان و بزووتنەوەکان کرد وەک ساڵی ڕابردوو بچنە مەیدانەکان، ئارمیتا لەبیرناکەن و تاریکترین شەو کۆتایی دێت و ڕۆژ دەدرەوشێتەوە، وتی: پێویستە بە هەمان هیواوە سەیری ئەم شەوە تاریکە بکەین و بە هەمان ئیرادەوە لەخەو هەستین هەتا بەیانی ئازادی و یەکسانی، سیستمی سەرمایەداری و دیکتاتۆرەکان دەیانەوێت ئەوە قبوڵ بکەین کە ڕاستی تاڵی نایەکسانی و ستەمکاری سروشتی هەتاهەتایی جیهانە و ئەمە چارەنووسی ئێمەیە.

 

"ڕۆژێک ئەوە کۆتایی دەێت و ژیانێکی نوێ دەهێنێت"

"ش.ئ" لە کۆتایی قسەکانی ڕایگەیاند سیستمی سەرمایەداری و دیکتاتۆری هیوای بەیانییەکی باش بۆ ژنان کە لە دڵیاندا هەڵیانگرتووە دەکاتە ئامانج و وتی: ئارمیتاکان باوەڕیان بە یۆتۆپیای خۆیان هەبوو کە لە کۆتاییدا خۆری ئازادی دەبینن، هیوای ژنان، نەتەوە ستەملێکراوەکان، کرێکاران، دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر یەکگرتوو بن، ئەمە ئەو شتەیە کە سیستمی زاڵ لێی دەترسێت، لەبەر ئەوەی سیستمە دەسەڵاتدارەکان زۆر باش دەزانن کە خەڵکی چەوساوە و یەکگرتوو، ئەم سیستەمە دڕندانە هەرگیز قبوڵ ناکەن، هەروەک چۆن شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا کردووە، سەرکەوتوو دەبێت لە گۆڕینی سیستمەکەی ئێستا لەسەر ئاستی سیاسی و ڕۆژێک کۆتایی دێت و ژیانێکی نوێ دەهێنێت.