یونسێف هۆشداری دەدات کە غەززە خەریکە دەبێتە گۆڕستانی منداڵان

ڕێكخراوی یونسێف نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی ناکۆکییەکانی نیوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا غەززە خەریكە دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل ناکۆکییەکان لە نیوان ئیسرائیل و فەلەستین تا ئێستا بەردەوامی هەیە و هێرشەکان بۆسەر غەززە بە چڕی بەردەوامن، کە بووەتە هۆی وەستاندنی ژیان و کردنە ئامانجی ژێرخانەکەی.

 

ڕێكخراوی یونسێف تایبەت بە منداڵان، لە ڕاپۆرتێکدا لە ئەنجامی بۆردوومانە بەردەوامەكانی ئیسرائیل و زیانگەیاندن بە منداڵان زەنگی ئاگاداركردنەوەی لە بارودۆخی منداڵان لە كەرتی غەززە لێدا، ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بە هەزارن منداڵ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٩٤٠ منداڵی تر بێ سەروشوێنن.

 

یونسیف داوایکردووە دەستبەجێ ئاگربەست لە غەززە ڕابگەیەندرێت، چونكە لە ئێستادا خەریكە غەززە دەگۆڕێت بۆ گۆڕستانی منداڵان، برسیكردنی دانیشتووانی گەمارۆدراو لە غەززە و بێبەشكردنیان لە پێداویستییەكان تاوانێكی جەنگە و تاوانێكە دژی مرۆڤایەتی.

 

لە ڕاپۆرتەکەی یونیسێفدا هاتووە: لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی ئیسرائیل زیاتر لە ٤٢٣ هەزار فەلەستینی لە ماڵ و حاڵی خۆیان لە كەرتی غەززە ئاوارەبوون.