لەیلا گوڤەن لە کەیسێکی سلۆپی بێ تاوان بوو

لەیلا گۆڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە، کە لە بەبیرهێنانەوەی ئینان لێدوانی دابوو بەوهۆیەوە دادگایی کراو بێتاوان دەرچوو.

شرناخ

 

لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک "کەجەدە" کە لە ساڵیادی بەبیرهێنانەوەی ئینان لە ساڵی 2020 لێدوانی دابوو، بە بیانووی "سوورکردنی خەڵک بۆ ڕق و کینە" دۆسیەیەک لەسەری کرایەوە، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی لەیلا گوڤەن لە دادگای تاوانی ئاسلی سلۆپی ئەنجامدرا، لەیلا گوڤەن کە لە کەیسێکی دیکەدا دەستگیرکراوە، لە ڕێگەی سیستمی دەنگ و ڤیدیۆییەوە "SEGBIS" ئامادەی دانیشتنەکە بوو، هەروەها پارێزەرەکانیشی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

 

"پێویستە کۆتایی بە گیان لەدەستدانی مرۆڤ بهێندرێت"

لەیلا گوڤەن لە کۆبوونەوەکەدا بەرگری لە خۆی کرد و ڕایگەیاند، پەشیمان نییە لەوەی لە بەبیرهێنانەوەی تایبەتی ئینان قسەی کردووە و ئەو تۆمەتەی لە دژی خۆی قبوڵ نەکرد، وتی: بەهۆی ئەوەی مافی مرۆڤ دەپارێزین هەمیشە دۆزمان لە دژ دەکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە، ڕەخنە لە دەوڵەت و حکومەت دەکەین کە دەبنە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵک، دەڵێین پێویستە شەڕ و پێکدادان کۆتایی پێبێت و ئاشتی بەدەست بهێندرێت، پێویستە کۆتایی بە گیان لەدەستدانی مرۆڤ بێت.

 

هاشم توغورلو، پارێزەری لەیلا گوڤەن، بەرگری لە بریکارنامەکەی کرد و داوای کرد کە لەیلا گوڤەن ئازاد بکرێت.

 

دوای بەرگریکردن، شاندی دادگا ڕایگەیاند کە قسەکانی لەیلا گوڤەم تاوان نەبووە و بڕیاری بێتاوانی دا.