سێ تۆمەتبار لە کاتی فرۆشتنی منداڵێکی کچ دەستگیرکران

ده‌زگای هه‌واڵگری و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕایگه‌یاند، سێ تۆمەتبار لەکاتی فرۆشتنی منداڵیکی کچی تەمەن ١٤ ساڵ دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ


ده‌زگای هه‌واڵگری و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدڕاڵی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری كه‌ به‌رپرسن له‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌، زانیاری دروستیان پێگه‌یشتووه‌  منداڵێکی کچی ته‌مه‌ن ١٤ساڵ كه‌ ته‌مه‌نی خوار ته‌مه‌نی یاساییه‌ به‌ بڕی ٦ هه‌زار و ٥٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌ستبه‌جێ تیمێكی هه‌واڵگری و كاری ته‌كنیكی پێكهێندرا بۆ به‌دواداچوون و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی فرۆشتنی ئه‌و منداڵە، دوای به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی دادوه‌ری پێویست و له‌ بۆسه‌یه‌كی ورد، فرۆشتنەکە ڕاگیراو سێ كه‌سیش ده‌ستگیركران.

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، كاتێك لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌تباره‌كان كراوه‌، به‌ڕاشكاوی دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ئه‌م كچه‌یان به‌خێوكردوه‌ و خستتویانه‌ته‌ڕوو بۆئه‌وه‌ی به‌بڕی ٦ هه‌زار و ٥٠٠ دۆلار بیفرۆشن، دوای وەرگرتنی وتە ڕه‌وانه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان کران وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئاماده‌بوونیان له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و وه‌رگرتنی سزا.