بەم نزیکانە مافی لەباربردنی منداڵ دەخرێتە ناو دەستووری فەرەنساوە

فەرەنسا دووپاتی دەکاتەوە کە مافی لەباربردنی منداڵ بۆ ژنان لە دەستووردا جێدەکاتەوە و ڕەشنووسێکیشی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی دەنێردرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا حکومەتی فەرەنسا بەڵێنی دا بە پێدانی مافی دەستووری بۆ لەباربردنی منداڵ بە ژنان، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوێنێ ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی بەنیازە بە پێی دەستوور مافی لەباربردنی منداڵ بە ژنان بدات.

 

ئەو لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام و تۆڕی ئێکس پشتڕاستی کردەوە ڕەشنووسی یاساکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی دەوڵەتەوە، بەو پێیەی تا ساڵی ٢٠٢٤ مافی لەباربردنی منداڵ لە دەستووردا مسۆگەر دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە ئەنجومەنی پیران لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا ڕەشنووسی یاساکەی پەسەند کردبوو، بەڵام یاساکە دەستەواژەی "ئازادی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵ"ی لە بڕی وشەی "ماف" داناوە.

 

ئەگەر لەباربردنی منداڵ بخرێتە ناو بڕگەکانی دەستوورەوە، ئەستەمە یاسادانەرانی ویلایەتەکان هەڵیبوەشێننەوە یان تەنانەت لاوازی بکەن، ئەم بڕیارە لە وەڵامی ئەو نیگەرانییانە دێت کە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەوە لە ناوچە جیاوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هاتووەتە ئاراوە و زیاتر لە ساڵێکە مشتومڕی ژنان و چالاکوانانی لێکەوتووەتەوە.