ژمارەی گیانلەدەستدانی غەززە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە ٥ هەزار کەس
لە هێرشەکانی ٧ی تشرینی یەکەمەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردومانی هاوبەش ٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ناوەندی هەواڵ
بۆردومانکردنی غەززە بۆ هەژدەهەمین ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامەو سەرەڕای ترسی بەردەوامبوونی هێرشەکان کە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵکی غەززە، پێداویستی پزیشکی و خۆراک کەمیکردووە ئەمەش دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بۆردومانەکانی غەززەوە لە ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم بەرزبووەتەوە بۆ ٥ هەزارو ٣٠٠ کەس کە زۆربەیان مەدەنی بوون، لەنێویاندا دوو هەزارو ٥٥ منداڵ هەن.
حەماس ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، کەرتی غەززە شەوێکی خوێناوی نوێی لە باکوورەوە بۆ باشوور بینی لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکان دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ٤٠٠ شوین کرایە ئامانج و بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٤٠ کەس و برینداربوونی سەدان کەس لە کەرتی غەززە هاوکات لەگەڵ بۆردومانی قورس و بەردەوام لە ناوچەکانی نزیک سنووری باکووری کەرتی غەززە.
وتەبێژی مانگی سووری فەڵەستینی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەزە " کارەساتە " و خەڵکەکە ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە لە بەدەستهێنانی کەلوپەلی بنەڕەتی، هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوەو بریندارو ئاوارە بوون.
ڕوونیشیکردەوە، کەرتی پزیشکی و فریاگوزاری بەهۆی کەمی سەرچاوەکانەوە دەناڵێنێت و نەخۆشخانەکانیش دەناڵێنن بە کەمی کەرەستەی پزیشکی و دەرمان، جگە لە پێویستی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ سووتەمەنی، جەختیشی کردەوە لەوەی ئاوارەکان پێویستیان بە کەرەستەی فریاگوزاری وەک ئاو و خۆراکی تەندروستی هەیە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ونبوو لەژێر وێرانەکاندا ماونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت چونکە کەس نەگەیشتووەتە ئەوان.