گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیە لەسەر ژیانی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن کەس

كۆڕبەندی ئابووری جیهانی ئاشکرای کرد، گۆڕانكاری كەشوهەوا هەڕەشەیە لەسەر بژێوی زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن كەس لە جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ


لە  ڕاپۆرتێكی كۆڕبەندی ئابوری جیهانیدا ئاماژە بەوەکراوە، بەرزبوونەوەی خێرای پلەكانی گەرما مەترسی لەسەر بژێوی ژیانی نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن كەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا دروست دەكات، بەپێی ئاماژەكان پێدەچێت پلەكانی گەرما تاوەكو ساڵی ٢٠٥٠  پلەی سەدی بەرزببنەوە.


هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، پلەكانی گەرما لە ناوچەكە بە ڕێژەی دوو ئەوەندەی تێكڕای جیهانی بەرز دەبنەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر بژێوی ژیانی نزیكەی ٥٧٥ ملیۆن كەسی دانیشتووانی زەوی دروست دەكات بەهۆی كاریگەرییە نەرێنییەكان لەسەر كەرتی كشتوكاڵ كە لە ئەنجامی كەشوهەوا و ماوەی درێژخایەنی وشكەساڵیدا دروست دەبێت.


 ئەوەش ڕاگەیەندراوە، حكومەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لەم ماوەیەی دواییدا بەڵێنیان داوە نزیكەی ٦٠٪ی دەردانی گازی ژەهراوی لە ناوچەكەدا كەم بكەنەوە تاوەكو وردە وردە دەگەنە ئاستی سفر لە دەردانی كاربۆن.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە وڵاتانی كەنداو دەبێت كاربكەن بۆ بەكارهێنانی چارەسەری تەكنەلۆژی كە دەردانی گازی ژەهراوی لەو كەرتانە كەمدەكاتەوە كە زۆرترین تەحەدای رێڕەوی گواستنەوەی وزە دەكەن، وڵاتانی دەرەوەی ناوچەی كەنداویش دەبێت ئەولەویەت بدەن بە بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە و نەهێشتنی پشتبەستن بە سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی وزە.