ژنانی مەخموور: بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان
خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر کامپەکە شەوی ڕابردوو بەرەو دەروازەی کامپەکە بەڕێکەوتن و ڕێپێوانیان کرد.
مەخموور
شەوی ڕابردوو فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە کاتژمێر ٧:١٠ خولەک مزگەوتی سەمتا ٢ی کامپی پەنابەرانی مەخمووری بۆردومان کرد و دایکێک و دوو منداڵی بریندار کرد.
بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکە شەوی ڕابردوو، دانیشتووانی کامپەکە بە شێوەیەکی فراوان ڕوویان لە دەروازەی کامپەکە کرد کە هێزەکانی عێراقی تێیدا جێگیرکراون، لە ماوەی ڕێپێوانەکەدا، دایکان بەبێ وەستان هەلهەلەیان لێدا و گەنجان دروشمی "بژی بەرخۆدانی مەخموور"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بمرێ خیانەت"یان بەرزکردەوە، لە ماوەی ڕێپێوانەکەدا پەیامەکە ئەوە بوو کە خەڵکی مەخموور هەرگیز سەر بۆ دەوڵەتی تورکیا و هێزەکانی دیکە دانانەوێنیت و لە هێرشەکانیان ناترسن، تا کۆتایی بەرخۆدانیان بەرز دەکەنەوە، هەروەها داوایان لە حکومەتی عێراق کرد کە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێگە نەدات هێرش بکرێتە سەر کامپەکە.
دایکانی بەشدار لە ڕێپێوانەکە کاردانەوەی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، هەرگیز وەک خەڵکی مەخموور دەستبەرداری بەرخۆدانی خۆیان نابن و ملکەچی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک نابن.
"سەرکەوتنی گەلی کورد"
فاتمە کارا، یەکێک لەو ژنانەی کە بەشداری لە ڕێپێوانەکەدا کرد، وتی: دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر مزگەوتەکەمان و ئێمەش بریندار بووین، بەرەو دەروازەکە دەڕۆین بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکە، هەتا ئەو کاتەی دڵۆپێک خوێن لە لەشماندا هەبێت و کەسێک لە کامپەکەدا بێت، شوێنپێی ڕێبەرو گەریلا و خەڵکەکەیان دەکەون، دەوڵەتی تورکیا هەرگیز سەرناکەوێت و سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و مەخموورە.
"با دەوڵەتی تورک واز لەو کارانە بهێنێت"
فاتمە کارا وتیشی: گرنگ نییە دەوڵەتی تورکیا چەند هێرشەکانی زیاد بکات، هەمیشە بەرخۆدانمان زیاد دەکەین، دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکەین، هێرشی کردووەتە سەر مزگەوتەکەمان کە ماڵی خودایە، هێرش دەکەنە سەر کامپی مەخموور و با واز لەو کارەی بهێنێت، ئێمە تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان.