بەگوێرەی ڕاپۆرتێك تا ساڵی ٢٠٢٥ وشكەساڵی تەواوی ڕووباری فورات دەگرێتەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت تاساڵی ٢٠٢٥ وشكەساڵی تەواوی ڕووباری فورات دەگرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ


لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت دەربارەی قەیرانی ئاو لە سووریا و عێراق ئامادەی کردووە، تیایدا هاتووە، لە سەردانەكەی ئەم دواییەیدا بۆ شەتولعەرەب لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەسڕە، ڤۆڵكەر تورك، كۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكان جەختی لە مەترسی دۆخەكە كردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئەمە حاڵەتێكی نائاسایی كەشوهەوایە كاتی ئەوە هاتووە لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك تەنها بۆ عێراق، بەڵكو بۆ هەموو جیهان.
 

ئاماژە بەوەشکراوە، عیراق ساڵانە ١٠٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی كشتوكاڵی لەدەست دەدات لەئەنجامی بە بیابانبوون.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتەسەر ڕاپۆرتێكی وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عێراق و باسی لەوە كردوە كە ئەو وشكەساڵییە توندەی پێشبینی دەكرێت، تا ساڵی ٢٠٢٥ دەبێتە هۆی وشكبوونی تەواوەتی ڕووباری فورات لەكەرتی باشووردا هاوكات ڕووباری دیجلەش دەگۆڕێت بۆ ڕێڕەوێكی ئاویی كە سەرچاوەی سنورداری هەیە، ئەو دوو روبارە كە لە توركیاوە سەرچاوە دەگرن و بەسوریادا تێدەپەڕن، سەرچاوەی نزیكەی ٩٨٪ی ئاوی سەر زەوی عێراق پێكدەهێنن.