بابل، بە تۆمەتی سووتانی خێزانێکی ٦ کەسی تۆمەتبارێک دەستگیر کرا

پۆلیسی پارێزگای بابل ڕایگەیاند، ئەنجامدەری تاوانەکەی بابل دەستگیر کرا کە بەهۆیەوە خێزانێکی ٦ کەسی، کە چواریان منداڵ بوون، سووتان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١ی تشرینی یەکەم، گەڕەکی زەهرای شارۆچکەی مدحەتیە لە باشووری پارێزگای بابل لە عێراق ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکدا ڕوویدا کە وترا بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەهۆیەوە دایک و باوک و چوار منداڵ، کە بچووکەکەیان تەمەنی ساڵ و ٦ مانگ بوو سووتان و گیانیان لەدەستدا.

 

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی بابل لەبارەی کەوتنەوەی ئاگرێک لە ماڵیکدا، تیمێک پێکهات بۆ لێکۆڵینەوە، تیمەکە لە ماوەی ۲٤ کاتژمێردا بە هاوکاری پۆلیسی بەغدا ئەنجامدەری تاوانەکەیان دەستگیر کرد، کە لە شاری بەغدا خۆی شاردبووەوە، تائێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ زانینی وردەکانی زیاتر رووداوەکە.

 

لێکۆڵینەوەی پۆلیس لە کاتێکدایە کە دوای دەرهێنانی تەرمەکان لەو ماڵەدا دەرکەوتووە، باوکەکە چەقۆی لێدراوە و پاشان سووتێندراون.