سوەیدا... خۆپیشاندەران داوای یەکگرتنی گەل دەکەن بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکان
بەشداربووانی بزووتنەوەی ئاشتیخوازی گەل کە بۆ دووەم مانگ لەسەر یەک لە سوەیدا بەردەوامە، داوای "ڕووخاندنی ڕژێم" دەکەن بۆ بنیادنانی خۆبەڕێوەبەری لەسەر بنەمای دیموکراسی.
سوەیدا
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەلی سوەیدا کە چووەتە دووەم مانگی خۆیەوە و جەخت دەکاتەوە لەو داواکارییانەی کە داوای گۆڕانکاری سیاسی و ڕووخاندنی "ڕژێمی سووریا" دەکەن.
سەدان کەس لە دانیشتووانی سوەیداو بە بەشدارییەکی فراوانی ژنان ڕۆژی شەممە ٣٠ی ئەیلوول لە گۆڕەپانی ئەلکەرەمە کۆبوونەوەو داوای مافە سەرەتاییەکانیان کرد، ئەویش ئازادی و ژیانێکی باشتر بوو، فریال عەریج وتی: ئێمە سووریایەکی ئازادمان دەوێت، ژیانێکی شیاو بۆ ئێمە و منداڵەکانمان و ژیانێکی ئاشتییانە لەسەر خاکەکەمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی فشاری ژیان و بارودۆخی سەختەوە بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا کردووەو هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە خۆپیشاندانەکاندا نییە، هەروەها پەیامێکی نارد بۆ هەموو ژنانی سووریا بۆ ئەوەی یەکگرتوو بن و بچنە ئەو گۆڕەپانانەو داوای مافە ڕەواکانیان بکەن.
لە لایەکی دیکە، ڕحاڤ عەریج ئاماژەی بەوەکرد، نادادپەروەری، سەرکوتکردن، گەندەڵی دەسەڵات و ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەدا بڵاوبوونەتەوە، خەڵکی هێناوەتە ئەم قۆناغە وتی: تەنها دەتوانین چاکسازی لە یەک حاڵەتدا بکەین، ئەویش ڕووخاندنی ڕژێمی گەندەڵە و خۆبەڕێوەبەریمان دەوێت، بۆ ئەوەی بتوانین بە شکۆمەندی و ئازادی بژین.