تەلار لەتیف: ٢٥٪ی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی دەبێت ژن بن

تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەنەکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێ ئەنجومەن پێكدەهێندرێن و پێویستە ڕێژەی کۆتای ژنان لە هەر سێ ئەنجوومەنەکەدا ٢٥٪ بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٧ی ئەیلوول، کۆنگرەی پێنجەمی یەنەکە بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام، لە سلێمانی دەستیپێكردو ئەمڕۆش لە بەردەوامی کۆنگرە لیژنەکان دەستبەکار دەبن و ئەنجومەنەكانی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان، سەركردایەتی و پشتیوانی پێكدەهێندرێن.

 

تەلار لەتیف، وتەبێژی كۆنگرەی پێنجی یەنەکە بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، جگە لەوەی ئەمڕۆ لیژنەكان دەستبەكاردەبن، هاوكات ئەنجومەنەكانی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان، سەركردایەتی و پشتیوانی پێكدەهێندرێن.

 

لەبارەی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە ئەنجوومەنەکاندا ئاماژەی بەوەکرد، ژنان بۆ هەر سێ ئەنجوومەنەکە خۆیان کاندید کردووە، بەپێی ڕێژەی کۆتاش دەبێت ٢٥٪ی کۆی ئەندامانی ئەنجوومەنەکان ژنان بن و بەشداریی ژنان لەو ڕێژەیە کەمتر نەبێت.