پێکهاتەکانی تل تەمر: داگیرکاریی بە یەکگرتوویی ئێمە تێکدەشکێت

ژنانی پێکهاتەی کورد، عەرەب و ئاشوورییەکان لە تیل تەمر کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە ڕاگەیاند و وتیان: داگیرکەران بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مێژووییە بەهێزەکانمان و بە یەکگرتووییمان تێکدەشکێندرێن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- لە مانگی ئەیلوولدا، دەوڵەتی تورکیا هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی بۆ سەر گوندنشینانی ڕۆژئاوا لە ناوچەی تل تەمر لە کانتۆنی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کرد، ژنانی کورد، عەرەب و ئاشووری خەڵکی ناوچەی تل تەمر کە لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی دەژین پەیامێکیان نارد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە. ژنان وتیان: هێرشە داگیرکارییەکان بە یەکگرتووییمان تێکدەشکێندرێن.

 

"پێکەوە دەژین، پێکەوە دەیپارێزین"

مریەم یەعقوب، کە تەمەنی ٧٨ ساڵە، لە پێکهاتەی ئاشوورییەکان وتی: کۆمەڵایەتیبوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بناغەی ئەم ژیان و بەختەوەرییەن لەم خاکەدا، ئەو شەڕەی لە سووریا دەستیپێکرد بووە هۆی کۆچکردنی زۆرێک لە ناسیاومان لە پێکهاتەکانی دیکە، هەرگیز خیانەت لە دراوسێ و گەلەکەمان ناکەین، بە پێچەوانەوە، خۆشەویستیمان هێزی خۆمان نیشان دەدات، هەروەک چۆن ئێمە لەسەر ئەم زەوییە پێکەوە دەژین، پێکەوە پارێزگاری لێ دەکەین.

 

" ڕێگە بە داگیرکاری نادەین"

مریەم یەعقوب وتیشی: لەم خاکە گەورە بووم، هاوسەرگیریم کرد و نەوەکانم لەسەر ئەم خاکە لەدایکبوون، چۆن ناتوانم حەزم لێی بێت و ژیان نەبەخشم بۆ پاراستنی؟ ئەوانەی کۆچیان کردووە ژیانێکی وەک دۆزەخ دەژین و چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە ڕۆژێک بارودۆخەکە باشتر بێت، لەبەر ئەوەی لەسەر خاکی خۆمان و لە ماڵەکانمانین، خۆمان لە بەهەشتدا دەبینین،  پشتیوانی لە کوردەکان و عەرەبەکان دەکەین و دەبینە ماڵێک و بەو هاوکارییە ڕێگە نادەین داگیرکەران خاکەکەمان داگیربکەن.

 

"داگیرکەران لە خەونی داگیرکردندا دەژین"

گوڵچین مەحمود، کە لە ساڵی ١٩٨٣ ەوە لە شاری تل تەمر دەژی، ئاماژەی بەوەکرد، ڕەگەزپەرستی قبوڵ ناکەن و وتی: دراوسێی عەرەبمان هەیە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکتر زۆر باشە و کەسمان زیان بە ئەوی دیکە ناگەیەنێت، زۆر گرنگە کە سڵاو و یارمەتی لە نێوانماندا هەبێت، لە هێرشەکان ناترسین و مانەوەمان بەسە بۆ بۆ پاراستن، ئەگەر بمرین، ئەوا لەماڵەکانمان دەبێت، داگیرکاریی قبوڵ ناکەین و خاکەکامن جێناهێڵین، هاوکاری زۆر گرنگە، ئێمە هاوکاری خۆمان بەهێز دەکەین، ئەنجامی ئەرێنی دەبێت.

 

"ئەوەی شکست دەهێنێت داگیرکارییە"

ئێرنا ئەلخەدییر عەرەبێکی تەمەن ٧٥ ساڵە و وتی: ئێمەی عەرەب و کورد و ئاشووری لە کشتوکاڵدا یەک بووین، پێکەوە تۆوی ئەم خاکەمان پرژاند، لە ئازار و خۆشی و هەموو داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا لەگەڵ یەکین، با بە ویژدانەوە قسە بکەین، باشترین پەیوەندییەکان بە ڕای من پەیوەندییەکانی کوردە لەگەڵ عەرەبەکان کە لە مێژووی دابیۆران و باپیرمانەوە تا ئێستا درێژ بوونەتەوە، بەڵام ئەم هێرشانە دوورن لە ئەخلاقی مرۆڤەوە، هەروەها ڕاستییەکی لەو شێوەیە هەیە، ئەگەر پێشەنگایەتی کوردەکان نەبوونایە، ئەمڕۆ بە ئاسوودەیی لەسەر ئەم خاکە نەدەژیاین و دوژمن و دۆستمان نەدەناسی، یەکگرتوویی ئێمە شکست ناهێنێت و ئەوەی شکست دەهێنێت داگیرکەرە.