شەوی ڕابردوو ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" پریشکی دا

هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتی ئێران و دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، شەوی ڕابردوو ناڕەزایەتی ئازادیخوازان لە شارەکانی کوردستان و ئێران دەستیپێکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٢٥ی ئەیلول، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتی ئێران و دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرەڕای سەختی دۆخی ئەمنی، بە سەربازیکردنی کوردستان، هەڕەشەکان و دەستگیرکردنی کەسوکاری قوربانییەکان، ئازادیخوازانی شارەکانی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیان بە ناڕەزایەتییەکانیان کردەوە.

 

لە شارەکانی سنە و کرماشان پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و ئازادیخوازان ڕوویداوە و هێزە ئەمنییەکان بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە ڕێگری لە تەشەنەکردنی ناڕەزایەتییەکان بکەن.

 

بە پێی هەواڵەکانی گەشتووە بە ئاژانسی نوژنها، هاوڵاتیانی سەقز بۆیان نییە لە ماڵەکانیان دەربچن، بە پێچەوانەوە تەقەیان لێدەکرێت، تەنانەت ناتوانن بچن بۆ نانەواخانەش، بۆیە هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە و شارەکە لە ژێر ئەمنیەتی تونددایە، چوونە ژوورەوە و دەرچوون لە شار قەدەغەیە و تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تابلۆی ئۆتۆمبێلیان سەقز و ئەو شارانەیە، کە بە سەقزدا گوزەر دەکات، مۆڵەتی هاتوچۆیان هەیە.

 

هەروەها لە بەلوچستان و شارەکانی دیکەی ئێران وەکو مەشهەد، تاران، ئەراک، ڕەشت، شیراز، ئامۆڵ، کەرەج و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندەران لە شەقامەکان کۆبوونەوە و دروشمیان دەوتەوە، چەندین جار هۆڕنیان لێدا و بڵاوکراوەیان دابەش دەکرد و جەختیان لەسەر بەردەوامیی ڕاپەڕینیان تا ڕووخانی سیستەمی حوکمڕانی کردەوە.

 

بەپێی ئەو هەواڵە بڵاوکراوانە، لە شاری ئەراک، بۆ ئەوەی دەنگی خۆپیشاندەران نەبیسترێت، ماتەمینیان داناوە، باس لەوە کراوە کە خۆپیشاندەران چوونەتە ئەو شوێنەی باسکراوە و ئامێرەکانی ماتەمینیان شکاندووە، هەروەها چەندین بنکەی بەسیج و ناوەندەکانی پەیوەست بە سوپای پاسداران بە بۆمبی مۆلۆتۆڤ ئاگریان تێبەردرا.

 

ئازادیخوازان لە شارەکانی ئێران خوازیاری شکاندنی دیواری خنکاندن و ترس و درێژەدان بە ڕاپەڕینن تا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، داوایان لە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە کردووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ بگەڕێنەوە سەر شەقامەکان.