لە سلێمانی ژمارەی تووشبووانی کۆلێرا بۆ ١٣٠ کەس بەرزبووەوە
ژمارەی تووشبووانی كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی بۆ ١٣٠ تووشبوو بەرز بووەتەوەو وەزیری تەندروستی دەلێت: دەرمانی دژە کۆلێرا بەردەستە.
ناوەندی هەواڵ
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخشی كۆلێرا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حاڵەتەكانی ئەم نەخۆشییە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەیەو لە سلێمانی ژمارەی تووشبوون بە كۆلێرا گەیشتووەتە ١٣٠ حاڵەت، هەروەها ٢٠%ی ئەو كەسانە تەنها تووشی سكچوون بوون.
ئاماژەی بەوەش كرد، كۆلێرا لەگەڵ وەرزی پایزدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام بە هاتنی وەرزی زستان كۆتایی دێت، دەرمانی دژە كۆلێرا لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەستە.
لە كۆتاییدا وەزیری تەندرووستی ڕایگەیاند: وەزارەتەكەیان خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكە لە سەر نەخۆشییەكە بۆ ئەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی بكات تا ڕێكارەكانی چارەسەركردن و ڕێگرییكردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە تاوتوێ بكەن.