بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا پڕۆژە یاسای "ژینا ئەمینی" پەسەند کرا

یاسادانه‌رانی دیموكرات و كۆماریخوازه‌كان له‌ ئەنجومەنی نوێنه‌رانی ئەمریکا، هاوڕابوون بۆ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ یاسایه‌ك ‌ بە ناوی "ژینا ئەمینی"، بەمەش دەتواندرێت سزا بەسەر ئێراندا بسەپێندرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ژینا ئەمینی بەبیانووی باش نەکردنی حجاب لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە لێیدراو پاشان گیانی لەدەستدا، ماوەی ساڵێکە ڕاپەرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامی هەیەو ئێستا کە نزیکبوونەوەی تێپەڕبوونی ساڵێکە بەسەر ئەو ڕووداوەدا لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە یاسایەک بە ناوی "ژینا ئەمینی" پەسەند کرا.

 

ئەنجومەنی نوێنه‌رانی ئەمریکا، پرۆژه‌ یاساکەی په‌سه‌ند كرد، پڕۆژه‌كه‌ ٤١٠ ده‌نگی به‌ڵێ و سێ ده‌نگی نه‌خێری به‌ده‌ستهێنا، هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌لهان عومه‌ر و ڕه‌شیده‌ ته‌یب له‌ دیموكراته‌كان و تۆماس ماسی له‌ كۆماریخوازه‌كان، دژ به‌ پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌نگیانداوه‌.

 

پڕۆژه‌ یاساکە،‌ به‌هۆی "پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و پاڵپشتیكردن له‌ تیرۆر" ئیداره‌ی ئه‌مریكا ناچار ده‌كات سزا به‌سه‌ر ڕابه‌ری ئێران، عه‌لی خامه‌نه‌یی و سه‌رۆكی ئێران ئیراهیم ڕه‌ئیسی و به‌رپرسه‌كانی دیكه‌ی ئێران بسه‌پێنێت.

 

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساکە، مایك مه‌كۆل، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ڕه‌خنه‌ی توند ئاڕاسته‌ی ئیداره‌كه‌ی بایدن کردو وتی: ئێمه‌ یاسای سزادانی زۆرمان هه‌یه‌ كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له‌ لایه‌ن ڕژێمی ئێرانه‌وه‌ داڕێژراون، نابێت له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتنێكی خراپی ئه‌تۆمی، گه‌لی ئێرانی بفرۆشین.

 

پڕۆژە یاسای تایبەت بە درۆنەکان و چەوساندنەوەی بەهاییەکانیش پەسەند کران

ماكۆل توانی وا له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات، سه‌باره‌ت به‌ بابەتی درۆنه‌ ئێرانییه‌كانیش،  ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بده‌ن كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشكه‌شی كردبوو، لە ئەنجامدا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ كۆی ٤٠٣ ده‌نگی به‌ڵێ و ٨ ده‌نگی نه‌خێر، پڕۆژه‌ یاساكه‌ی په‌سه‌ند كرد، کە پڕۆگرامی به‌رهه‌مهێنانی درۆنه‌كان و هه‌نارده‌كردنی، كردووه‌ته‌ ئامانج و داوا ده‌كات سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدرێت كه‌ تێیدا به‌شدارن.

 

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پڕۆژه‌ یاسای سێیه‌میشی په‌سه‌ند كرد كه‌ ڕژێمی ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی "كه‌مینه‌ی به‌هاییه‌كان له‌ وڵاتدا ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌ گوێره‌ی یاسا و عورفه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كات"، ئه‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ش ٤١٣ ده‌نگی به‌ڵێ و دوو ده‌نگی نه‌خێری به‌ده‌ستهێنا.

 

سه‌ره‌ڕای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایانە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بڕیاری كۆتایی له‌ ده‌ستی ئه‌نجومه‌نی پیراندایه‌ و ده‌بێت ئه‌وان ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن، ئه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی ببێت به‌ یاسا، بەڵام تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی پیران، واده‌یه‌كی بۆ گفتوگۆ و ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌ یاسایانه‌، دیاری نه‌كردووه‌.