لە لیبیا بەهۆی زریانی دانیالەوە چەندین تەرم ژێرئاو کەوتوون

بەهۆی ئەو لافاو و زریانە بەهێزەی ڕۆژهەڵاتی لیبیای گرتووەتەوە، تا ئێستا چەندین تەرم ژێرئاو کەوتوون و بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەو زریانە بەهێز و لافاوەی کە لیبیای گرتەوە، عەبدولحەمید دەبەیبە، سەرۆکی لیبیا ڕایگەیاند، بەو پێیەی چەندین تەرم بەهۆی لافاو و زریانە بەهێزەکە ژێرئاو کەوتوون، ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی ژمارەی قوربانییەکان ڕابگەیەنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەن بۆ ناردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە لە وڵاتەکەدا و بەدواداچوون بۆ ئەو کەمترخەمییانە دەکەن، کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدان.

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مانگی سووریش ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان زۆرە و بە هەزاران کەس دەخەمڵێندرێت، جگە لەوەی ١٠ هەزار کەس بێسەروشوێنن.

 

پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی کاروباری ناوخۆی لیبیا ئاماژەی بەوە کردبوو، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی زریانی دانیالەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بۆ ٥ هەزار و ٢٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و ١٠ هەزار کەسیش بێ سەروشوێنن.