ژنانی مەخموور: دەوڵەتی فاشیستی تورک لە جلوبەرگی منداڵەکانمان دەترسێت

ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی عشتار بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی هێرشەکانی حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپەیان کرد بۆ سەر تەرمی شەهیدان و گۆڕستانەکان.

مەخموور

 

ژنانی کامپی پەنابەرانی مەخموور لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکان بۆ سەر تەرمی شەهیدان و گۆڕستانەکان گەیشتۆتە ئاستێکی نامرۆڤانە لە سەردەمی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەدا.

 

پێش ئەوەی بەیاننامەکە بخوێندرێتەوە، بە خولەکێک ڕێز لە هەموو شەهیدانی شۆڕش گیرا و دوای ڕێزگرتن، تەیبەت مژینی قسەی کرد.

 

"تا کۆتایی بەدوای دۆزی شەهیدەکانمان دەڕۆین"

لە سەرەتای قسەکانیدا تەیبەت مژینی ئاماژەی بەوەکرد، وەک دایک و باوکی شەهیدان ئیدانەی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی شەهیدەکان دەکەن و وتی: ئەمڕۆ دەبینین کە جلوبەرگی منداڵە سووتاوەکانمان کۆدەکەنەوە دەیخەنە پاکەت و دوای ٨ ساڵ دەینێرنەوە بۆ لای خێزانەکانیان، ئەم دڕندەییە شەرمەزار دەکەین، ئەوان لە ئێسکی منداڵەکانمان دەترسن و ئەمڕۆ لە جلوبەرگەکانیان دەترسن، ئەوان لە نەخۆشەکانمان لە زیندانەکان دەترسن، ناتوانن سەرکەوتوو بن لە بەرەنگاری گەریلاکان لە ئاڤاشین و مەتینا و لە هەر شوێنێک گەریلا شەڕ دەکەن، بۆیە جلوبەرگی منداڵەکانمان کۆدەکەنەوە و بۆ ئێمەیان دەنێرن، ئێمە لەوە ناترسین هێزی زیاتر بەدەست دەهێنین و شانازی بە ئێسک و جلوبەرگی منداڵەکانمانەوە دەکەین، ئێمە تا کۆتایی بەدوای دۆزو خەونەکانیاندا دەگەڕێین، با کوردەکان چاویان بکەنەوە و هەستن و خاوەنداری لە منداڵەکانیان بکەن.

 

بەیاننامەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.