لە بەرامبەر قومارکردن بە ژن و خێزانەوە، ڕژاک داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکات

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، دەربارەی بڵاو بوونەوەی دیاردەی قومارکردن و مەترسییەکانی کۆمەڵگە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو ئاماژە بەوەدەکات، قومارکردن بە ژن و خێزانەوە، قومارکردنە بە خاک و نیشتمان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانی پارێزەرێک بەناوی "هێرۆ عەتار" کە ئاماژەی بە بڵاوبوونەوەی دیاردەی قومارکردن بە ژن و خێزان کردووە، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان "ڕژاک" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە کاتێکدا ئەم هەرێمە لە مەترسییەکی گەورەی سیاسی و ئابووریی دایە، بەداخەوە بۆئەوەی خەڵک بێ ئاگابێت لەو مەترسییانە بە کاری جۆربەجۆر سەرقاڵ دەکرێن، ئەوەش مەترسییەکی تری گەورەیە بۆسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، کە تێکدان و بەلاڕێدابردنی تاک و کۆمەڵگە و خێزانە، ئەوەش قومارکردنە بە خێزانەوە، کاتێکیش کۆمەڵگە و خێزان و تاک، دوور خرانەوە لە بەها ئەخلاقیەکان ئیتر بە ئاسانی دەستەمۆ دەکرێن و دەکەونە واری ڕادەست بوون بەو ئامانجانەی، کە داگیرکاران بۆ ئەم هەرێمە هەیانە.

 

لەهەموو بارودۆخێکدا ژن داگیردەکەن

ئاماژە بەوەشکراوە، لەهەموو دۆخ و بارێکیشدا ژن قوربانیی سەرەکی و یەکەمینە، داگیرکاران بیانەوێت هەر خاکێک داگیربکەن سەرەتا ژن داگیردەکەن، کولتوور و هونەر و ئەخلاق تێک دەدەن، لەم هەرێمەشدا ئەو ڕێگایانە بە ئاشکرا بەکاردێنن بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان، ئێستە ماددەی هۆشبەر و یانەکانی کڕین و فرۆشتنی لەشی ژن بە ئاشکرا و لەبەر چاوی کۆمەڵگە و خێزان دەکرێنەوە و ڕۆژانە ژنان لە دەرەوەی هەرێم و ناوەوە بازرگانیان پێوە دەکرێت.

 

بەوەشەوە نەوەستاون و قێزەونترین کاری تر بووەتە کاری سەرەکی ئەوانەی، کە دوورن لە بەها ئەخلاقیی وسیاسییەکان، ئەویش گۆڕینەوەی ژن و کچ و کوڕەکانیانە و لەقومارخانەکان قوماریان پێوەدەکرێت، ئەوەش دوورە لە بەها ئەخلاقی و ئاینییەکان و کولتووری کۆمەڵگەی کوردی، گۆڕینەوەی ژنان لەکاتی دۆڕان و قومارکردن دا، تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر کۆمەڵگە و هەموو ژنان، ئەگەر بتوانن خێزانی خۆیان بفرۆشن و قوماری پێوە بکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئامادەن بست بە بستی ئەم خاکە و تەواوی کۆمەڵگەش بفرۆشن، ئەو بازرگانییەی بە کچان و ژنانی کورد کرا لەماوەی ڕابردوو لە هێرشە داگیرکاریەکان و بە درێژایی مێژووی کورد و ئەو قومارکردنەی بە خێزانەوە کراوە و دەکرێت لەم کاتەدا هەمان ئەقڵییەتە.

 

لەبری هۆشیاری و پەروەردە، قومارخانەو یانەی فرۆشتنی ژنان دەکەنەوە

لەبری بەرگری کردن لە خاک و نیشتیمان و کارکردن دژی ئەو مەترسیانەی لەسەر کولتوور و هونەری کوردی هەیە، لەبری ئەوەی کاربکرێت دژی ئەو مەترسیانەی لەسەر ژینگە هەیە، لەبری ئەوەی کاربکرێت لەسەر چارەسەرێک بۆ برسێتی خەڵک و پێش خستنی هزر و زانست و هۆشیاری کۆمەڵگە، دێن و بازرگانی و قومار بە خێزانەوە دەکەن، لەبری ئەوەی شوێنی هۆشیاری و پەروەردەکردن درووست بکرێت، قومارخانە و یانەی کڕین و فرۆشتنی ژنان دەکەنەوە، ئەو مەترسیانەی کە لەسەر ئەم هەرێمە هەیە نابینن و مێشێک میوانیان نیە و دێن و بازرگانی و قومار بە هەمووشتێکەوە دەکەنەوە.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، گەنجی ئەم هەرێمە لەبەر بێکاری و نەبوونی ژیانێکی شایستە کۆچ دەکەن و ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، ئالودەی ماددەی هۆشبەر دەکرێن وەکو سیاسەتێکی قێزەون تا نەبنە داینەمۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا، هۆکاری ئەو هەموو نەهامەتی و یاری کردنەی بە بەهاکان دەکرێن، دەسەڵات بۆ خۆیەتی، چوونکە بە ئازادی هەر کەس دەتوانێ قومارخانە و شوێنی بازرگانی کردن بە ژنەوە بکاتەوە و پەرەی پێبدات، لەکاتێکدا گەنج وژن بناغەی بونیادنانی کۆمەڵگەن، بەڵام هەردووک لەم هەرێمەدا بوونەتە قوربانی ئەو ئەقڵیەتەی، کە تەنها بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی دەسەڵات و بنەماڵە هەوڵ دەدەن.

 

"داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکەین"

هەر بۆیە پێویستە یاسا و لایەنی پەیوەندیدار کاری خۆیان بکەن و بەئەرکی خۆیان هەستن، لێپرسینەوەی جدی لەو دۆخە بکەن، هاوکات تەواوی کۆمەڵگە بەرپرسیارن بۆ هەڵوێست وەرگرتن، داوا لەڕێکخراوەکانی ژنان، هەموو ژنانی ناو حیزب و لایەنەسیاسیەکان، دادگاکان، وەزارەتی کاروبارکۆمەڵایەتی، ڕوشنبیران و هونەرمەندان، مامۆستایان و تاک بەتاکی گۆمەڵگە دەکەین، بەهەموو شێوازێک هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر ئەوکارە نەشیاوانە و هەموو پێکەوە کار و هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی دەست پێ بکەین و چالاکی جۆربەجۆر ئەنجام بدەین و ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن ڕووبەڕووی یاسا و سزا بکرێنەوە.

 

هەڵوەشانەوەی خێزان و دوورکەوتنەوە لە بەها ئەخلاقیەکان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەواوی نیشتمان،ئەم لێدوانەمان بۆ هەموو کاتێک پێویستە و ئێستەش، کە ئەوکەیسەی باس لەقومارکردن دەکات بە خێزانەوە پێویستی بەم لێدوانە هەبوو، کە لەم ڕۆژانەدا خاتوونێکی پارێزەر باسی کەیسەکەی کردو کۆتایی نایەت و پێویستی بەکار و هەڵوێستی جدییە ،داوا لە گەلەکەمان دەکەین هەموو پێکەوە بەرامبەر ئەو کارە بووەستینەوە بۆ پاراستنی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، چوونکە ئەو کارانە جێگای قبوڵ کردن نین.