بەهۆی لافاو لە تورکیا و بەڕازیل ٢٤ کەس گیانیان لەدەستدا

بەلایەنی کەمەوە ٢١ کەس بەهۆی زریانێکەوە لە باشووری بەڕازیل گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی بارانێکی زۆرەوە لە تورکیا و ئیستەنبوڵ سێ کەس گیانیان لەدەستداو ٥ کەسی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لە تورکیا و بەڕازیل سەدان کەس ماڵەکانیان جێهێشت و زیانی زۆری بە گیان و ماڵی خەڵک گەیاندووە، تیمەکانی فریاکەوتنیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕزگاربووان.

 

کاربەدەستانی ویلایەتی ڕیۆ گراندێ دۆ سولی بەڕازیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند ئەو زریانەی وڵاتەکەی گرتەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٢١ کەس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەدان کەسیان بە هەلیکۆپتەر ڕزگارکرد کر گیریان خواردبوو دوای ئەوەی هەندێک لە ڕێگاکان بەهۆی لافاوەوە داخران.

 

فەرمانڕەوای ویلایەتی ڕیۆ گراندێ دۆ سولی ڕایگەیاند ئەو زریانەی کە وڵاتەکەی گرتەوە ٦٠ شاری گرتەوە و ئەم زریانە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکانی کەشوهەوا لە ویلایەتەکەدا و ئاماژەی بەوەشکرد ١٥ گیان لەدەستدان لە شارۆچکەی مۆکوم ڕوویانداوە و ژمارەی گیان لەدەستدانەکان گەیشتە ٢١ کەس.

 

لە مانگی تەمووزیشدا بەلایەنی کەمەوە ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا، سەدان کەس بێسەروشوێن بوون بەهۆی زریانێکەوە لە باشووری بەڕازیل، هەروەها بارانێکی زۆر لە مانگی شوباتدا بووە هۆی ڕووخانی زەوی و لافاو کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ٦٥ کەس لە ویلایەتی ساو پاولۆی بەڕازیل و بارانبارینی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە ویلایەتی ڕیۆ گراندێ دۆ سولی ١٦ کەسی کوشت.

 

کاربەدەستانی ناوچەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس لە نزیکەی ٦٠ شارۆچکە بەهۆی بارانێکی زۆرەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

کاریگەرییەکانی کارەساتەکانی کەشوهەوا بەهۆی نەبوونی پلاندانانی شار لە وڵاتەکەدا ئاڵۆزتر بوون، لەگەڵ زۆرێک لە دانیشتوانی هەژار کە زیاتر لە ٩ ملیۆن کەسن لە کۆی ٢٠٣ ملیۆن کەس کە لە نیشتەجێبوونی ناسەلامەتدا دەژین لەسەر لێواری چیاکان ئەگەری لافاو و ڕووخانی زەوییان هەیە.

 

لە تورکیاش لافاوە

لە تورکیا، بەشەکانی باکووری ئیستەنبوڵ، بەتایبەتی ناوچەکانی باشاک شەهیر و ئارناڤوتکۆی، لافاوێکی کتوپڕ ڕوویداو بووە هۆی گیان لەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی ٥ کەسی دیکە کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر.

 

بارانە زۆرەکە بووە هۆی ڕووداوێکی بەهێز کە زۆرێک لە گەڕەکەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوت، هەروەها لافاوەکە بووە وەستانی جووڵە و سەدان ئۆتۆمبێل لە ژمارەیەک ڕێگادا گیریان خوارد کە دەوروبەری شارەکە بەیەکەوە دەبەستنەوە.