لە سوەیدا بەرخۆدان بەردەوامە: ئەو ئازادییەمان دەوێت کە لێمان دزراوە

چالاکییەکانی سوەیدا لە هەفتەی سێیەمدا بەردەوامە و ژنانی چالاکوانی سوەیدا ئاماژە بەوە دەکەن، مافی خۆیان دەوێت و ئامانجیان ئەوەیە بە ئازادی بژین.

بێریتان ساریا

 

ناوەندی هەواڵ- خۆپیشاندانی گەلی دیموکراتیک و ئاشتیخواز لە پارێزگای سوەیدای سووریا، کە زۆربەی خەڵکەکەی دروزیین، لە سێیەم هەفتەدا لە زیادبووندایە، لە ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، گەلی سوەیدا لقی پارتی ڕژێم و پەرلەمان و نووسینگە حکومییەکانیان لە سوەیدا داخست، هەروەها حکومەتی شام هێزەکانی لە هەندێک خاڵی سەربازی لە پارێزگاکە و هێزە ئەمنییەکان لە خاڵەکانی نێوان فڕۆکەخانەکان و گوندەکان بڵاوکردەوە، هەرچەندە حکومەتی شام تا ئێستا خۆی لە دەستێوەردان لە خۆپیشاندانەکان دوورخستووەتەوە، بەڵام ژنانی سوەیدا پێیان وایە پلانێکی نهێنی و پیس لە شام هەیە، هێزەکانی حکومەتی شام هەوڵدەدەن خەڵکی سوەیدا بترسێنن بە نیشاندانی ناڕەحەتی خۆیان بە بەشداریکردنی بەهێزی ژنان و گەنجان لە ڕێگەی میدیا دیجیتاڵییەکانەوە، ژنانی چالاک لە سوەیدا چالاکیەکانی گەل و ڕۆڵی ژنانیان لەو چالاکیانەدا هەڵسەنگاندو ڕایانگەیاند کە شۆڕشی ژنان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەیەک بوو بۆ ئەوان.

 

"ئەو ماف و ئازادییانەمان دەوێت کە لە دەستی ئێمە وەرگیراون"

چالاکوان ڕاقیە شاعیر،  ئاماژەی بەوەکرد، ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە خۆپیشاندانەکانی گەل لە سوەیدا و وتی: ژمارەی ئەو ژنانەی بەشداری ئەم چالاکییانە دەکەن بەرە بەرە زیادی کردووە، لەو خۆپیشاندانانەدا ژنان جیاواز و ڕەنگاوڕەنگ بوون و هەستی شۆڕشگێڕانە و شارستانیەتیان زیاد دەکرد، ژنان پەیامێکی ڕوونیان بڵاوکردەوە بە قەڵەم و بیروبۆچوونی خۆیان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد و بە دەستی خۆیان دروشمی ئەو خۆپیشاندانەیان نووسی. بەشداریکردنیان لە بواری سیاسی و جێبەجێکردنی ڕۆڵی سیاسی خۆیان نیشان دەدات، لە ماوەی دەسەڵاتداری دەوڵەتی سووریا، ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا سەرکوتکرا و تەنها بە کاری ماڵەوە سنووردار بوو، ئێمە وەک ژنانی سوەیدا ئێستا دەمانەوێت هەموو ئەو ماف و ئازادییانە بگەڕێنینەوە کە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریا لێمان دزراون، وەک ژنان تێکۆشان دەکەین تا ئەو کاتەی مافەکانمان لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا بە فەرمی قبوڵ دەکرێن، بەشداری و هەڵوێستی ژنانی سوەیدا لەم خۆپیشاندانەدا ئەوە نیشان دەدات کە ژنانی سووریا بڕیاریان داوە ئەرکی خۆیان وەربگرن و ئەرکێکیان هەبێت.

 

"ژنانی کورد بوونە نموونە بۆ ئێمە"

ڕاقیە شاعیر ئاماژەی بەوەشکرد وەک ژنانی سوەیدا، شۆڕشی ژنان بەپێشەنگایەتی ژنانی کورد باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاریگەری لەسەریان هەبووە و وتی: ژنانی کورد نموونەیەک بوون بۆ هەموو ژنان. هەروەها هێزی خۆیان نیشان دا، کە هێزی ژنانە، بە کردەوەکانیان نیشانیان دا ژنان دەتوانن شەڕ بکەن و مافەکانیان بەدەست بهێنن، ژنانی کورد ئەم کارەیان کرد لە شەڕکردن دژی پیاوان و کۆیلایەتی، سەرەڕای هەموو هەلومەرجەکان، ژنان دەتوانن ڕۆڵی نموونەیی خۆیان جێبەجێ بکەن، سڵاو لە هەموو ژنانی کورد و هێزی ئەوان دەکەین.

 

"نەوەی زەنوبیان لە بەرامبەر کۆیلایەتی سەر دانانەوێنن"

ڕاقیە شاعیر وتی: پەیامی ئێمە بۆ هەموو ژنانی سووریا ئەمەیە، ئێمە نەوەی زەنوبیاین، ڕاستی مێژوو، شارستانیەت، هێزی ژنانمان لە سووریا بەهەموو جیهان نیشان داوە، ژنان دەتوانن دەوڵەت و کۆمەڵگە بەڕێوەببەن و لە هەمان کاتدا شارستانیەت دروست بکەن، شوێنی ژن تەنها لەگەڵ ماڵ و خێزاندا نییە، بەڵکو دەتوانیت وڵاتێک بەڕێوە ببات، کاتێک ئازادی بەدەست دەهێنین، ڕۆڵ و ئەرکی خۆمان وەردەگرین و لەبەرامبەر کۆیلایەتی سەر دانانەوێنین.

 

بانگەوازی یەکگرتن

ڕاقیە شاعیر، ئەندامی نوسینگەی ناوخۆی کاروباری ژنان و پارتی لیوای سووریا ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی شام هێزەکانی لە چەندین خاڵی سەربازی و ئەمنی لە سوەیدا کشاندووەتەوە و وتی: ئەم کشانەوەیە و هۆکارەکانی هێشتا شاراوەن، ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە، سیاسەت و سیستمی ڕژێم دەزانین، داوا لە هەمووان دەکەم کە لەگەڵ ژنان و خەڵکی سوەیدا یەکبگرن لە چالاکییەکەدا.

 

"نادادپەروەری و زوڵم بەسە"

هەمسا خانم، چالاکوانێکی سوەیدا ئاماژەی بەوەکرد، گەلی سووریا بۆ ماوەی ١٣ ساڵە ڕووبەڕووی فشار و ئازار و هەژاری و سوکایەتی و سەختی بوونەتەوە و وتی: سووریا، کە بووەتە یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان و مووچەکەی لە ١٤ دۆلار زیاتر نییە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لەڕووی ئابووری و سەرچاوە سروشتییەکانەوە، ئەمە ڕژێمێکی دڕندە و دیکتاتۆرییە، ئایا وڵاتێک هەیە لە جیهاندا کە هاوڵاتیانی بە ١٤ دۆلار کار بکەن؟ ئەمە نادادپەروەری و زوڵمە.

 

"چالاکییەکان بە داواکاری ڕەوا پێشدەخرێن"

هەمسا خانم ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی سوەیدا دەستیان بە چالاکییەکانیان کردووە دژی نادادپەروەری و چەوساندنەوە و وتی: هەلومەرجەکان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبن، بەتایبەتی هەژاری، سیاسەتی کۆچ، دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، چەتەکان، ڕفاندن، دزین، هتد، لەبەر ئەم هۆکارانە، بارودۆخی سوەیدا قورسترە، گەلەکە بەو چەتە دڕندانەیان وت کە "بەسە" دەستیان کرد بە جوڵە و خۆپیشاندان دژی نادادپەروەری، خۆپیشاندان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامە خۆپیشاندەران داوای ڕەوایان هەیە ئەمانە بریتین لە ڕووخاندنی ڕژێم و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢٢٥٤ کە ژیانی سوورییەکان مسۆگەر دەکات.

 

"ژنانی سوەیدا لە دژی داگیرکاری عوسمانی و فەڕەنسا بەرخۆدان کردووە"

هەمسا خانم ئاماژەی بەوەکرد، نەک تەنها پیاوان و گەنجان، پیرەکان، منداڵان و ژنان بە هەموو هێزی خۆیانەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانە گشتییەکاندا کردووە سەرەڕای هەموو سەختییەکان و وتی: مێژووی ژنان لە سوەیدا هەیە، نەوەی زەنوبیا بەشدارییان کرد لە شەڕی دژی داگیرکاری عوسمانی و داگیرکاری فەڕەنسا، بە درێژایی خۆپیشاندانەکان، هیچ دزی و ڕفاندنێک نەبوو. چونکە ئامانجی خۆپیشاندەران دیموکراسی و ئازادییە، ڕەنگی ژنان زاڵە بەسەر چالاکییەکانی ئێستاماندا. ژنان بەپێی مێژووی خۆیان بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکەن ژنانی سوەیدا دەیانەوێت کۆتایی بە ئازارەکانی هەموو ژنانی سووریا بهێنن و ماف و ئازادییەکانیان دەوێت.

 

"خوشکە کوردەکانمان هێمای ئازایەتی و بەهێزین"

هەمسا خانم ڕایگەیاند کە دەیانەوێت سوەیدا خۆبەڕێوەبەری هەبێت وەک خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە کۆتاییدا وتی: لەبەر ئەوەی ئەم ئەزموونە بە سەرکەوتوو دەبینین و نموونەیەک بۆ خۆمان دەهێنینەوە. هەموو ژنێک لە سوەیدا خوشکە کوردەکانی وەک نموونەیەک لە بوێری و هێز و ڕێزگرتن لە خۆی لە هەموو ئاستەکاندا دەبینێت، سڵاو لە خوشک و ژنانی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. با پێکەوە بجەنگین بۆ لەناوبردنی رژێم و گەندەڵی لە وڵاتەکەمان و ڕزگارکردنی سووریا لە هەموو جۆرە نادادپەروەرییەک، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی مەدەنی و ئازاد لە سووریا بژین.