باشترە گۆشت بەکوڵاوی یاخود بە برژاوی بخورێت؟

گۆنا ئاوات، پزیشکی ڤێتێرنەری ئاماژە بەوەدەکات ئەگەرگۆشت نەکوڵێندرێت، هەر بەکتریا و ڤایرۆسێکی لەسەر بێت دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک گۆنا ئاوات، پزیشکی ڤێتێرنەری، دەربارەی ئەوەی گۆشت بە کوڵاوی یان برژاوی کامیان زیانی زیاترە، نووسیویەتی: بێگومان لەش دەتوانێت سوود لە گۆشتی کوڵاو یاخود برژاو وەربگرێت، بەڵام باشترینیان 'کوڵاندنی گۆشتە'، چونکە کوڵاندن بەراورد بە شێوازەکانی دیکەی ئامادەکردنی گۆشت سەلامەتترە لە هەر وردە زیندەوەرێک کە ئەگەری هەيە لەڕێگەی گۆشتەکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر گۆشتەکە لە کوشتارگەکان سەر نەبڕدرابێت، ئەوا ڕێژەيەکی زۆر لە بەکتريا و ڤايرۆس لەسەر گۆشتەکە کۆدەبێتەوە لەو کاتەدا ئەگەر بێت و لەپلەيەکی گەرمیی دياریکراودا نەکوڵێندرێت و راستەوخۆ ببرژێندرێت و بکرێت بە کەباب ئەوا لە ڕێگەی گۆشتەکەوە هەر ''میکرۆبێکی'' تێدابێت، دەگوازرێتەوە بۆ کەسەکە و تووشی کێشەی تەندروستی وەک "رشانەوە، سەرئێشە و سکچوون"ی دەکات.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دووکەڵی خەڵووزەی کە بەکاردێت لە کاتی برژاندنی گۆشتدا ماددەی شێرپەنجەیی تێدایە و ئەگەر بەردەوام بەکاربێت، ئەوا مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زياد دەکات، جگە لەوەش ئێستا دەرمانە قڕکەرەکان بە ڕاستەوخۆیی و ناڕاستەخۆیی دەدرێت بە ئاژەڵ، کە ئەمانەش ماددەی شێرپەنجەيین و لەناو دووگ و گۆشتی ئاژەڵەکە دەمێننەوە، بۆيە زۆر پێويستە لەبەر ئەم هۆکارانە و بۆ ئەوەی بەدووربن لە زيانی ئەو ماددە ژەهراويیانەی کە ئەگەری هەيە لەناو گۆشتەکەدا هەبێت، ڕێگەی کوڵاندن بەکاربێت و چەن جارێک ئاوی گۆشتەکە لەکاتی کوڵاندا بگۆڕێت، پێویستیشە لەپلەيەکی گەرمی دياریکراودا گۆشت بکوڵێندرێت.