لە کەرکوک پیاوێک دەستدرێژی کردووەتە سەر منداڵێکی چوار ساڵ

لە شاری کەرکوک، پیاوێک دەستدێژیی کردووەتە سەر منداڵێکی کچی چوار ساڵ، پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی لە تاوانەکە دەستپێکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقڵیەتی پیاوسالار و دەستدرێژیکار کە هەمیشە خواستی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان هەیە، ڕەچاوی تەمەن ناکات و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی کچ ڕووی لە زیادبوونە، لە نوێترین تاواندا لە شاری کەرکوک دەستدرێژی کراوەتە سەر منداڵێکی چوار ساڵ.

 

ڕۆژی ٣٠ی ئاب لە گەڕەکی عەسکەری شاری کەرکوک، پیاوێک کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نییە، دەستدرێژیی کردووەتە سەر منداڵێکی کچ،  کە تەمەنی چوار ساڵانە.

 

بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا بەشی نەهێشتنی تاوان لە بنکەی پۆلیس، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بۆ ئەو مەبەستەش سەیری کامێراکانی چاودێریی دەکەنەوە، هەروەها ئەمڕۆ دادوەر وتەی تەواوی لە دایک و باوکی منداڵەکە وەرگرتووە.