لە بامیان خولی پەروەردەیی کچان داخرا

تاڵیبان بە بیرکردنەوە دژە ژنەکانیانەوە هەوڵ دەدەن هەموو دەرگایەک بۆ ژنان لە ئەفغانستان دابخەن، ز.ڕ دەڵێت: تاڵیبان بەبێ مۆڵەت هاتنە ناو پۆلەکەمانەوە و بە جنێو و سوکایەتی پۆلەکەمانیان داخست و ڕایانگەیاند کە ئیتر مافی ئەوەت نییە بێیتە پۆل.

بەهاران لاهیب

 

بامیان- لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا بامیان تاکە پارێزگا بوو لە ئەفغانستان کە کچانی سەروو پۆلی شەشەم ڕێگەیان پێدەدرا بچنە خولی زمان و خولە زانستییەکان، بەڵام لە کاتی سەردانییەکی وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە، بۆ پارێزگاکە، پیاوەکانی هێرشیان کردە سەر خولی خوێندنی کچان و هەڕەشەیان لە هەموویان کرد و لە پۆلەکان دەریان کردن.

 

ز.ر. یەکێکە لە فێرخوازانی خولەکە و لەبارەی هێرشەکەی تاڵیبانەوە وتی: لە کاتی وانەکەدا هەموومان لە پۆلدا بووین، هەرچەندە هەموو ژنەکان و منداڵەکان جلی ڕەشی درێژمان لەبەردا بوو، مامۆستاکەمان ژن بوو و وانەکانمان جیا بوو لە کوڕەکان، ئەو ڕۆژە کەسانی نەناسراو بەبێ مۆڵەت هاتنە ناو پۆلەکەمانەوە، سوکایەتییان پێکردین، پۆلەکەمانیان داخست و ڕایانگەیاند کە چیتر مافی هاتنی بۆ پۆلەکەت نییە.

 

لە هەمان کاتدا سەردانی وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە بۆ پارێزگاکە،  فەرمانی دا ژنان چیتر مافی ئەوەیان نەبێت بچنە بەنداوی ئەمیر کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە و تاکە شوێنێک بوو کە خێزانەکان دەیانتوانی بچن بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنانی خێزانەکەدا کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، ماوەیەک پێش ئەوەی ڕێگری لە ژنان بکرێت بۆ چوونە ناو ئەم شوێنە، ڕایانگەیاندبوو کە ئەگەر ژن و پیاوێک بۆ خۆشی هاتنە ئەم شوێنە، دەبێت بڕوانامەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆیاندا هەبێت.