عێراق ٪٢٠ی هاوڵاتی عێراقی لە کامپی هۆل گەڕاندووەتەوە
عێراق کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە عێراقییەکانی کامپی هۆل دەکات و تا ئێستا نزیکەی ٪٢٠ی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە و لە کامپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا نشتەجێ كراون.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی (عەرەبی جدید) لە زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، هەوڵەكانی حكومەت بۆ گەڕاندنەوەی بەشێکی نوێ لە عێراقییەكان لە كامپی هۆل ئاشكرا دەكات و دەڵێت: دوای تەواوكردنی پرۆسەی وردبینی ئەمنیی، عێراق لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتی ئەمنییەوە، ئامادەکاریی کردووە بۆ گەڕانەوەی بەشێکی تر لە خێزانە عێراقییەكانی نیشتەجێی كامپی هۆل.
ئەم هەوڵەی عێراق لە دوای كۆبوونەوەی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتمانی عێراق لەگەڵ تۆمتو غەندات، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش و ستیڤن هیتشن باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا بووە، تیایدا قاسم ئەعرەجی جەختی لەسەر پێویستی كۆتایی هێنان بە دۆسییەی كامپی هۆل و داخستنی كردەوە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕوونی كردەوە، عێراق تا ئێستا تەنها نزیكەی هەزار و ٤٠٠ خێزانی لە كامپی هۆل گەڕاندوەتەوە و لە كامپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا نشتەجێ كراون، واتە تەنها ٢٠٪ـی عێراقییەكان لە كامپی هۆل گەڕێندراونەتەوە.
كامپی هۆل دەكەوێتە باشووری شاری هۆل لە حەسەكەی باكووری سووریا و لە نزیك سنووری عێراقە، كامپەكە ٣٠ هەزار عێراقی تێدایە، كە بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار خێزاندا دابەشكراون، كە دەكاتە نیوەی كۆی دانیشتوانی كامپەكە.