عێراق لە پلەی پێنجی خراپترین وڵات دایە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا

نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "پلەی گەرما بۆ زیاتر لە ٥٥ پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی وشكەساڵی".

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهاندا، گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی داگیركەریی توركەوە هۆكارێكی سەرەكییە لە وشكبوونی هۆڕەكانی باشووری عێراق، زیادبوونی قەیرانی وشكەساڵیی لە وڵاتدا، كە زیانی زۆری بە جوتیاران و خەڵكی ناوچەكانی باشوور گەیاندووە.

 

ئۆكی لۆتسما، نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە، دەشڵێت: پلەكانی گەرما لە عێراق بە ڕێژەی دوو بۆ حەوت پلە لە گەرمای ستانداردی جیهانیی بەرزترە.

 

ئاماژەی بەوەش كردووە، بە هۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەواوە هۆڕەكان زۆرترین زیانیان بەركەوتووە، عێراق ساڵانە نزیكەی ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لەدەست دەدات، پلەی گەرماش بۆ زیاتر لە ٥٥ پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی وشكەساڵیی.

 

ڕوونیشی كردەوە، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پشتیوانی لە حكومەت دەكات، لە ڕووبەڕوو بوونەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵیی و قەیرانی ئاو، چونكە گۆڕانی كەشوهەوا هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر عێراق، ئەم مەترسییەش دەبێتە هۆی كەمی ئاو و زیادبوونی زریانی تۆز، شەپۆلی گەرمای زۆر، بەبیابانبوون، هەروەها ئەوكات مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراك دروست دەبێت.

 

لە كۆتایشدا دەڵێت، حكومەتی عێراق هەوڵە نیشتمانییەكانی خۆی بە پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوە، بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی بنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و زیادكردنی توانای خۆڕاگریی و دڵنیابوون لە تواناكانی خۆی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.