سێ ڕۆژە دارستانەکانی سنووری پێنجوێن دەسووتێت

ماوەی سێ ڕۆژە ئاگر لە دارستانەکانی سنووری گوندەکانی شارۆچکەی پێنجوێن لە سلێمانی کەوتووەتەوە و تا ئێستاش ئاگرەکە بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٣ی ئابەوە ئاگر لە دارستانی گوندەکانی چوێسە و دارۆخان و سمایلاوا لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن کەوتووەتەوەو بەشێکی لەلایەن پۆلیسی دارستان و گوندنشینانەوە کۆنترۆڵکراوە.

 

زۆرینەی ئەو ناوچانەی ئاگرەکەی لێکەتووەتەوە بە مین داپۆشراوە و بەو هۆیەوە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە و گوندنشینان ناتوانن نزیکی ئاگرەکە ببنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی.

 

بەردەوامی ئاگرەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە و زیانی بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە، بەجۆرێک دارە بەتەمەنەکان کە تەمەنیان زیاتر لە ١٥٠ ساڵن سووتاون.