بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان تەڤگەری ئازادی و بزووتنەوەی گۆرڕان کۆبوونەوە

بۆ شکاندنی بێدەنگی و ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی ژنانی بزوتنەوەکەیان کرد و کێشەکانی ژنانی باشووری کوردستانیان تاوتوێ کرد.

 

ژنانی تەڤگەری ئازادی بە ژنانی بزووتنەوەی گۆڕانیان ڕاگەیاند، پێش ئەنجامدانی هەر کۆبونەوەیەک ئامانجامان پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە لەگەڵ ژنانی لایەن سیاسییەکاندا، هەروەها باسی خراپی دۆخی ژنان کرا بە تایبەتی لە باشووری کوردستان و ئاماژەیان بەوەکرد، "دەبێت هەموومان بە یەک دەنگ یەکبگرین بۆ ڕووبەڕوو بووەنەوەی ئەم کێشانە و چارەسەرکردنیان، دەبێت هەر لە بناغەوە ژنان خۆیان بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی ببنە دەنگی ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان".

 

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کاری ڕێکخراوەکان، کە هەندێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان تەنها کار بۆ بەرژەوەندی لایەنێک دەکەن، لە کاتێکدا بۆ ئەوە دروستبوون بێ جیاوازی کێشەکانی ژنان چارەسەر بکەن.

 

"هەوڵ دەدەین پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین"

دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شەهێن محەمەد، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "ئامانجمان لەم سەردانیکردنە پتەوکردنی پەیوەندی ژنانی هەردوولایەنە، کە بەیەکەوە بتوانین سەردانی لایەنەکانی تر بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، تا هەوڵدانێک هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگەیەکی بەهێز لە ژنان دروست بکەین و پرۆژەی هاوبەشمان هەبێت".

 

سازە عەبدوڵا، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەکەدا ئەوەی خستەڕوو، ساڵانێکی زۆرە توندوتیژییەکی زۆر بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێت، مافیان پێشێل دەکرێت و پێگەیان بەهەند وەرناگیرێت، هەوڵەکانی ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پاشەکشەدایە، ئێمەش بۆ شکاندنی ئەم بێدەنگیە لەگەڵ ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆبووینەوە بۆ ئەوەی لەمەبەدواوە پێکەوە کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکەین.