لە توێژینەوەیەکدا باس لە ڕێژەی منداڵانی کامپی هۆل و مەترسییەکانی دەکرێت

لە توێژینەوەیەکدا باس لە ڕێژەی منداڵانی کامپی هۆل و مەترسییەکانی دەکرێت و ئاماژە بەوەدەکرێت، چارەسەرنەکردنی پرسی زیادبوونی منداڵانی داعش، مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر داهاتووی منداڵەکان و هەرێمەکەش.

ناوەندی هەواڵ

 

کامپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە خێزانەکانی چەتەکانی داعشی تێدایە، مەترسیە بۆسەر تەواوی جیهان، زیاتر لە ٥٧ هەزار ژن و منداڵی بنەماڵەکانی داعش هەن کە لە کامپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا دانراون و لەو ژمارەیەش ٦٥٪یان منداڵ، لە کامپەکەشدا ٣٧ هەزار کەسی بیانی لە ٦٠ وڵاتی جیاوازەوە نیشتەجێن.

 

نێوەندی لێکۆڵینەوەی فورات توێژینەوەیەکی لەسەر ڕێژەی منداڵان و مەترسییەکانی لە کامپی هۆل بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی توێژینەوەکە، چارەسەرنەکردنی پرسی زیادبوونی منداڵانی داعش، کە تەمەنیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە کەمپەکەدا گەورەتردەبێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر داهاتووی منداڵەکان و هەرێمەکەش.

 

لەزگین ئیبراهیم یەکێک لە لێکۆڵەرەکانی ناوەندی فورات بۆ دەنگی ئەمریکا وتویەتی: سەرنج زیاتر لەسەر منداڵانی بیانییە بۆ تێکەڵکردنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە و هاتنەوە سەرخۆیان، منداڵانی سووریایی و عێراقیش لە کامپەکەدا ژمارەیان زۆرە و نزیکەی ٣٠ هەزار دەبن، هەرچەندە هەندێک قوتابخانە لەلایەن یونسێف و ڕێکخراوەکان کراونەتەوە، بەڵام بە پێی داتاکان تەنها ١٠ هەزار منداڵ دەچنە ئەو قوتابخانانە، ئەوانی تر کەسوکاریان نایاننێرن، لەبەرئەوەی دایکیان پەروەردەیان دەکات.