چین، لە هێرشێک بۆ سەر باخچەیەکی ساوایان ٦ کەس گیانیان لەدەستدا

هێرشێک بۆ سەر باخچەیەکی ساوایان لە شاری لیانجیانگ لە پارێزگای گوانگدۆنگ لە باشووری چین ئەنجامدرا و شەش کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی چین ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە هێرشێکدا بۆ سەر باخچەیەکی ساوایان لە شاری لیانجیانگ لە پارێزگای گوانگدۆنگ لە باشووری چین، ٦ کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکە بریندار بوون.

 

وتەبێژی حکومەتی شارەکە ڕایگەیاند، کوژراوەکان مامۆستا و دوو دایک و باوک و سێ خوێندکارن، وردەکاری زیاتری لەبارەی ناسنامە و تەمەنی قوربانییەکان و چەکەکە ئاشکرا نەکردووە، هەروەها پۆلیسی چین ڕووداوەکەی بە دەستدرێژیکردنە سەر بە ئەنقەست وەسفکردووە و ڕایگەیاندووە، تاوانبارەکەیان دەستگیر کردووە کە تەمەنی ٢٥ ساڵە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری هێرشەکە.

 

تاوانە توندوتیژەکانی لەو شێوەیە لە چین تاڕادەیەک دەگمەنە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هێرش زۆر ئەنجامدراوە، بەتایبەت بۆ سەر قوتابخانەکان، لەوانەش، لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو هێرشبەرێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر باخچەیەکی ساوایان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای جیانگشی و بەهۆیەوە ٦ کەس کوژران و ٦ کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات لە مانگی نیسانی ٢٠٢١دا لە هێرشێکی دیکەدا، لە شاری بەیلیو لە گوانگشی دوو منداڵ کوژران و ١٦ی دیکەش برینداربوون.