لەدەستدانی هەزاران ماسی بەهۆی گەرما و دابەزینی ئاستی ئاو

هەزاران ماسی بە شێوەیەکی سەیر لە ڕووباری ئەلعزز لە عێراق گیانیان لەدەستدا و بەشی ژینگەی پارێزگای میسان ڕایگەیاند، گیانلەدەستدانی ماسییەکان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجینە لە ڕووبارەکەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

هەزاران ماسی زیوینی کارپ لە کەناری ڕووباری ئەلعززدا بە مردووی دۆزرانەوە، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاند کە بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئەم ڕووداوە دەکەن.

 

بەڕێوەبەری بەشی ژینگەی پارێزگای میسان لە گفتوگۆیەکدا خستیەڕوو، کە هۆکاری مردنی ماسی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی ئاو و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین لە ڕووبارەکەدا و ڕایگەیاندووە کە کەمی ئاو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕووبەری ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان لە ڕووبارەکەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین لە ئاوەکەدا و مردنی ماسییەکانی لێدەکەوێتەوە.

 

لەدەستدانی سەدان تۆن کارب بۆ ماسیگرانی پارێزگای میسان جێی نیگەرانییە، کە دەکەوێتە باشووری عێراق و نزیک سنووری ئێران، چونکە ئەم ڕووبارە یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات بۆ ماسیگران و دانیشتوانی پارێزگای میسان.

 

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی چەند ساڵی ڕابردوو لە عێراق و ئێران و تورکیا کێشەی زۆر و لەدەستدانی هەندێک جۆری ڕووەکی و ئاژەڵی لێکەوتووەتەوە.